کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕوژاوای کانادا ڕۆژی هەینی، ١٢ی ڕێبەندان (٣١ی ژانویەی ٢٠٢٥)، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری ڤەنکۆڤەری کانادا بەڕێوە برد.
ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە كوردستانییانی دانیشتووی ڤەنكۆڤەری کانادا و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەڕێوە چوو.
ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناو و خەباتی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هاوڕێ کەیۆمەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا پێشکەش کرا.
"هێنا ویژە"، ڕەمزی هەرمان و دەروەشاوەیی و یادی کۆمار و پێشەوا قازی محەممەدی لە توێی بابەتێکدا بە زمانی ئینگلیسی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
هاوڕێیان "بێریوان نەباتی" و "حیکمەت قولیزادە" بە چەند پارچە شێعر و پەخشانی نەتەوەیی ئەم جێژنەیان ڕازاندەوە.
نوێنەرانی حیزبە كوردستانییەکانی وەک كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان و ماڵی كورد بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون و لەلایەن كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە برووسكەی پیروزبایی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە نێردرابوو.
بەشی هونەریی جێژنی ٢ی ڕێبەندان تایبەت بوو بە هونەری ڕەسەن و شۆڕشگێرانەی هونەرمەندی ناوداری کورد، "شەهریبان کوردی".
هونەرمەند شەهریبان بە پێشکەشکردنی چەند سروود و ئاوازی ڕەسەنی کوردی، ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.