کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: بوونی ژن لە ڕێبەریدا تاکە پێوەری گرینگدان بە ژنان نییە و نەبوونیشیان بەو مانایە نییە پرسی ژنان وەلانرابیت

01:35 - 1 رەشەمه 2724

کەماڵ کەریمی: بوونی ژن لە ڕێبەریدا تاکە پێوەری گرینگدان بە ژنان نییە و نەبوونیشیان بەو مانایە نییە پرسی ژنان وەلانرابیت

دیمانە: سابیر فەتاحی

ئاماژە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ڕێبەندان کۆنگرەی حەڤدەهەمی خۆی پێک‌‌هێنا. ئەم کۆنگرەیە کە ناوی "کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان"ی لەسەر داندرابوو، وێستگەیەک هەرە گرینگ و کۆتایی پڕۆسەی یەگرتنەوەی دێموکراتەکان و دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە تێکۆشانی ئەم حیزبەیە. "کوردکاناڵ" پێوەندیدار بە باسە وتووێژێکی لەگەڵ کاک کەماڵ کەریمی، بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە پێک‌هێنابوو کە "کوردستان" پوختەیەکی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ کۆنگرەکەی بە سەرکەوتوویی گرتوە. مەبەست لە کۆنگرەی سەرکەوتوو چییە؟

کە باس لە سەرکەوتن دەکەین باس لە بە ئەنجام‌گەیاندنی پلانێک دەکەین کە بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەرکەکانی کۆنگرە دامانڕشتبوو. بەپێی تەواوکردنی بڕگە بە بڕگەی کارەکانی کۆنگرە و گەیاندنی ئەرکەکان بۆ کۆتایی‌هێنان بە کاری کۆنگرە لە هەموو بوارەکاندا چ لە بواری سیاسی، چ لە بواری تەشکیلاتی و چ بابەتەکانی پێوەندیدار بە باسە ستراتێژییەکان و باسە سیاسییەکان، هەروەها باسە نێوخۆییەکانمان. جا مادام ئێمە لە کۆنگرەدا توانیومانە بە تەوافۆقێکی گشتی ئەنجامەکان پەسەند بکەین و بتوانین بیکەینە بنەمایەک بۆ داڕشتنی پلانێکی نوێی عەمەلی لە چوارچێوەی بەرنامە کارییەکانماندا، پێمان وایە کۆنگرەکەمان سەرکەوتوو بووە. دیارە سروشتییە لە کارێکی ئاوا گەورە و گراندا تووشی ئیشکالاتێکیش ببین کە ئەمە بۆخۆی وەک ئەزموونێکە بۆ کارەکانی دواترمان.

کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ناوی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی لەسەر داندرابوو، کۆنگرەیەکی تەوافوقی بوو. لە سەر ئەساسی ئەو تەوافوقەی پێشووتر، کاروباری کۆنگرە چۆن چووە پێشێ؟

بەپێی ڕێککەوتنەکە پێشوو تەنیا شتێک کە نەمانتوانی لە کاتی خۆیدا جێبەجێی بکەین، کاتی گرتنی کۆنگرەکە بوو. ئێمە ڕێک‌کەوتبووین لە ماوەی ٦ مانگ هەتا ساڵێک‌ دوای یەکگرتنەوە ئەو کۆنگرەیە لەژێر ناوی "کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان"دا بگرین، بەڵام هەر وەکوو لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی و لە ڕاپۆرتی سیاسیشدا هاتوە بە هۆی ئەو کێشە ئەمنییەتییانەی بە دوای یەکگرتنەوەدا بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دروست کرا کە مووشەکباران دەستپێکی ئەو هەڕەشە بەردەوامانە بوو کە لەسەر حیزبی ئێمە هەبوو، بەداخەوە نەمانتوانی لە کاتی دیاریکراوی پێشوەختەدا کۆنگرەکەمان بگرین. ئەگینا بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە ئەرکەکانی کۆنگرە وەک داڕشتنەوە و پەسندکردنی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ، ڕاپۆرتی سیاسی و بڕیارنامەی کۆنگرە و هەروەها هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی و بەگشتی ڕێبەریی حیزب هەموو ئەمانە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کرابوو، چووە پێشێ و کارەکانمان جێبەجێ کرد و کۆتاییشمان پێ هێنا.

هەڕەشەکان هەر ئەوە بوون کۆنگرە هێرشی بکرێتە سەر؟

مەسەلەکە هەر هەڕەشە ی زەبروەشاندن نەبوو، بەڵکوو دەماندی کە کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی خەریکی پیلانگێڕییە و هەوڵ دەدا نەهێڵێ ئێمە کۆنگرەکەمان بگرین و ئەمەیان بە ئاشکراش دەگوت. ئەمە شتێک نەبوو کە بە قەوڵ تەنیا بە پیلانە نهێنییەکانیان بیانەوێ جێبەجێی بکەن، بەڵکوو بە ئاشکراش دەیانگوت کە ڕێگە نادەن حیزبی دێموکرات کۆنگرە بگرێت و ئەمەیان بەپێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەمنیەتیی ئێران و عێراق دادەنا، لە حاڵێکدا ئەمە هیچ پێوەندی بەو تەوافۆقەوە نەبوو. بەڵام ئێمە کارەکانی کۆنگرەمان جۆرێک بردە پێشی و کۆتاییمان پێ هێنا کە لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی غافڵگیر بوو، و نەیزانی ئێمە کۆنگرەمان چۆن بەستوە و لە کوێ گرتوومانە و هەتا کۆتایی کاری کۆنگرەش نەیتوانی هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکارییەکانی کاری کۆنگرەی دەست کەوێ. هەر ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەیکە نەیانتوانی ئەو جۆرەی کە دەیانویست کارەکانی کۆنگرەکەمان پەک بخەن.

پەسندکراوەکانی کۆنگرە چی بوون؟

ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی پەسندکراومان هەبوو. یەکیان بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب، ڕاپۆرتی سیاسیی حیزب و هەروەها بڕیارنامەی کۆنگرە. بەرنامە و پێڕەوی حیزب و هەروەها ڕاپۆرتی سیاسی پێشتر بە وردی کاریان لەسەر کرابوو و لەلایەن ڕێبەریی پێشووی حیزب و هەروەها نوێنەرانی کۆنگرەوە پاش باس و خواسێکی زۆر گەڵاڵە کرابوون و لە کۆنگرەدا دەنگی متمانەیان بۆ وەرگیرا و پەسند کران. لە تەنیشت ئەوانە بڕیارەکانی کۆنگرەش خرایە بەر دەستی ئەندامانی کۆنگرە و دوای وەرگرتنی ڕاوبۆچوون و سەرنجی نوێنەرانی کۆنگرە ڕەشنووسەکەی دراوەتەوە بە ڕێبەریی داهاتووی حیزب و ئەمەش پەسندکراوێکی دیکەی کۆنگرەکەمان بوو.

بەپێی ئەوەی ئەم کۆنگرەیە لە دۆخێکی نائاساییدا گیرا، ئایا تووشی هیچ کێشە و بەریەککەوتنێک هاتن؟

ئەمە یەکەم ئەزموونی ئێمە لە گرتنی کۆنگرە بەو میکانیزمە بوو. دیارە ئەم شێوازە لەمێژە لە هەموو دنیادا بۆ کۆنفڕانسی زۆر گەورە کەڵکی لێ وەردەگیرێ، بەڵام ئێمە یەکەم جار بوو کارمان پێ دەکرد و لەگەڵ ئەوەی لە هەلومەرجێکی ئاساییدا نەبووین و ناچار بووین بە لەحازی ئەمنی زۆر شت ڕەعایەت بکەین، بەڵام بە خۆشییەوە لە ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆنگرەدا هیچ کێشەیەکمان بۆ نەهاتە پێش و ئەو جۆرەی بەرنامەڕێژیمان بۆ کردبوو، قۆناغ بە قۆناغ چووینە پێشێ و بە سەرکەوتوویی کۆتاییمان بە کارەکانی کۆنگرە هێنا.

گرینگترین و دیارترین جیاوازیی ئەم کۆنگرەیە لەگەڵ کۆنگرەکانی ڕابردووی حیزبی دێموکرات چی بوون؟

دەکرێ بڵێم هەر خودی شێوازی بەڕێوەبردنی کۆنگرە بۆ خۆیی جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ کۆنگرەکانی‌تر. پێشتر لە کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتدا هەموو ئەندامان و نوێنەرانی کۆنگرە لە ساڵۆنێک لە دەوری یەک کۆ دەبوونە و لە ڕاستیدا پێوەندییەکە نیزیکتر و ڕاگۆڕینەوە و باسەکان لەگەڵ یەکتر چڕتر بوو. بەڵام ئەمجارەیان وەک باسمان کرد بە هۆی ئەو هەلومەرج و هەڕەشە ئەمنییەتییەی لە دەوروبەرمان هەبوو، نەمانتوانی بەم میکلانیزمە کۆنگرە بگرین و ناچار بووین ئەندامانی کۆنگرە بە سەر چەندین گرووپدا دابەش بکەین و لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە پێوەندیمان بەیەکەوە هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا کۆنگرە توانی هەموو بەرنامەکانی خۆی بە ڕێکوپێکی بباتە پێشێ و ئەم میکانیزمە نوێیەش بە سەرکەوتوویی تاقی بکاتەوە.

یەکێک لە گلەییەکان لە کۆنگرە ئەوەیە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێبەرایەتی حیزبدا ڕێژەیان زۆر کەمە. هۆکار بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئێمە کە باسی حیزب دەکەین ڕەنگبێت حیزب نەتوانێ خۆی دابەش بکات بەسەر ناوچەی جیا جیادا و لە ڕاستیدا تێکۆشانی کاری ئێمەیە کە دەبێ دابەش بکرێ بەسەر ناوچە جیا جیاکاندا و کادرەکانی حیزبن کە دەبێ هەوڵ بدەن بزانن لە کام ناوچە و بواردا پێویستە تێكۆشانی زیاتریان هەبێت. لەو کۆنگرەی ئێمەدا بێگومان بە دەیان کادری بەشە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکانی کوردستانی تێدا بوو کە ڕەنگبێ شایانی ئەوە بووبێتن ئەندامی ڕێبەریی حیزب بن. بەڕاستی وەک لە کۆنگرەکەدا دەرکەوت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە دەوڵەمەندترین حیزبەکانە لە باری هێزی مرۆیی بەتوانا و کادری بەڕاستی پێگەیشتوو و شایستەوە، بەڵام ئەوەیکە لە فڵان ناوچە ئەندامی ڕێبەری کەمە و لە فڵان ناوچە زیاترە؛ هۆکارەکەی ڕەنگبێ بۆ زیاتربوونی کادری تێکۆشەری ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕوای من هەر ئەو بەشە لە تێکۆشەرانی حیزب بە تایبەت کادر و پێشمەرگەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ئەوانن کە بە قەولێ لە تێکۆشانی خۆیاندا توانیویانە ئەو مەوقعییەتە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەو ناوچەکانی خوارووی کوردستان دروست بکەن کە ئێستا خەڵک متمانەی زیاتر بە حیزبی دێموکرات دەکات. هەروەها ئەو هێزە مرۆییە خەباتکارە بووە کە بوونەتە هۆی دروست‌بوونی پێگەیەکی بەرینتریش بۆ کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانی ئێران. بەڵام وەک باسم کرد هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە لە ناوچەکانی‌تر ڕەنگبێ کادری بەرجەستەتر زیاتر بن و ئیتر حیزبیش پەڕلەمان نییە کە ئەتۆ بڵێی ئەندامەکانی ڕێبەری بەپێی شارستان و بەپێی ناوچەکان دابەش بکات و تەبیعییە بەپێی شایستەیی و لێوەشاوەیی کادرەکانی ڕێبەرییەکەی هەڵدەبژێرێ. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە ئەوەیکە هەڵنەبژێردراوە یا لە ڕێبەریی حیزبدا نییە ئەو شیاوی و پێگەیشتووییەی نییە، یا ئەوەیکە ئێستا هەڵبژێردراوە زۆر زۆر لەسەرترە. وەک عەزرم کردی ئێمە لە بزووتنەوەی کورددا یەکێک لەو حیزبە دەوڵەمەندانەین کە زۆرترین کادری باشمان هەیە لەنێو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئیدی ئەوە هەڵبژاردنە و پێشوەخستەش پلانی ئەوەمان نەبووە بۆ ئەوەیکە ئەندامانی ڕێبەری بەپێی ناوچەکان و شارەکان دابەش بکەین.

بوونی چوار ژن لە ڕێبەریی حیزبدا کەم نیە؟

بوونی ژن لە ڕێبەریدا بەو مانایە نییە کە حیزبی دێموکرات گرینگی دەدا بە ژنان و نەبوونیشیان بەو مانایە نییە حیزبی دێموکرات گرینگی نادا بە پرسی ژنان. پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسێکی سیاسی کۆمەڵایەتییە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەمیشە گرینگی پێ داوە. هەمیشە لە هەر بوار و حاڵەتێکدا کە باس لە پرسی ژنان کرابێت حیزبی دێموکرات گرینگی خۆی پێ داوە و هەر بەو ڕوانینیشەوە دەڕوانێتە پرسی ژنان. ئێمە بۆمان گرینگ بوو زیاتر لەوەندەش ژنان بەشدار بن لە ڕێبەریی حیزبدا و ئەوە نییە کە ئێمە دیاریمان کردبێت کە تەنیا دەبێ ٢ ژن ئەندامی کۆمیتە ناوەندی بن. بە هەڵبژاردن دەکرا زیاتریش بایە. دیارە دیتنی گرینگیپێدانی حیزب بە پرسی ژنان نابێ تەنیا لەوەدا بەرجەستە بکرێتەوە کە چەند ژن لە ڕێبەریی حیزبدا هەن، بۆ ئێمە گرینگ ئەوەیە ژنان چەندە گرینگیان پێ بدەی لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی حیزبیدا. تەنیا ڕێبەری شەرت نییە، بەڵکوو بەڕێوەبردنی حیزب شەرتە لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەت لە کاری تەشکیلاتدا زۆر زۆر گرنگە و لە بەشەکانی دیکەی وەک ڕاگەیاندن و دیپلۆماسیدا هەر زۆر گرینگە. بۆیە پێمان وایە حیزبی دێموکرات دەبێ گرینگی زیاتر بەوە بدات کە نەقشی ژنان لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی حیزبیدا بەرجەستەتر بکاتەوە.

ڕوانینی کۆنگرە بۆ خەباتی ڕۆژهەڵات و داهاتووەکەی چی بوو؟

ئێمە لە ڕاپۆرتی سیاسییدا ئەو باسانەمان کردوە و حیزبی دێموکراتی کوردستان هەتا ئێستاش باوەڕی وایە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچە و جیهان ئەوەمان لێ دەخوازێ لەگەڵ ئەوەیکە زۆر بە  جیددی بە دوای گرینگی‌دان بە مافە نەتەوایەتییەکانماندا، بەڵام هەوڵ بدەین لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێک بۆ هەموو ئێران تێ‌بکۆشین. هەر ئەوەیکە هەتا ئێستاش دروشمی ستراتێژی حیزب فیدڕاڵیزم ماوەتەوە، واتە ئێمە داواکاری گەیشتن بە قۆناغکین حکوومەتێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵیلە ئێراندا بێتە سەر کار و ئەمە ئاکامی ئەو ڕوانینەیە. دیارە هەر لەجێدا باوەڕمان وایە کە دەبێ گرنگی زیاتر بە پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەین و تەنانەت پێمان وایە هەموو ئەو هەوڵانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا داومانە بۆ ئەوە بووە بتوانین لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بگەیەنە ئەو ئاکامەی ئەوان دان بەم پرسە دابنێن و بتوانین بە قەبووڵکردنی ئەم پرسە هەماهەنگیی زیاتر و تەنانەت هاوپەیمانییەک دروست بکەین بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و حکوومەتێکی دێموکراتی فیدڕاڵ لە ئێراندا بێتە سەرکار. بەڵام پێمان وایە ناکرێ بۆ هەمیشە بە دوای ئەوەدا بڕۆین و ئەگەر ئەمە سەری نەگرت، ئێمە دەبێ بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن مافە نەتەوایەتییەکانمان بەرجەستەتر مەترەح بکەین.