
به‌ندکراوی سیاسیی کورد کیانووش چراغی خه‌ڵکی شاری دێهلۆڕان سه‌ر به پارێزگای ئیلام چوار ڕۆژه به نیشانەی ناڕه‌زایه‌تییده‌ربڕین له‌مه‌ڕ ده‌سبه‌سه‌رکرانی به شێوه‌ی توندوتیژانه له مانگرتن له خواردن به‌رده‌وامه.
کیانووش چراغی، به‌ندکراوی سیاسیی کورد خه‌ڵکی شاری دێهلۆڕان و یه‌کێک له ده‌سبه‌سه‌رکراوانی شۆڕشی ژینا، له‌مه‌ڕ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای پێبه‌ندی ئێلکتڕۆنیکی، هێرشی هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم بۆ سه‌ر ماڵەکەی، نواندنی توندوتیژیی له کاتی ده‌سبه‌سه‌رکرانی و ڕاگواستنی بۆ به‌ندیخانه‌ی ئیلام له ڕێگه‌ی مانگرتن له خواردنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیی خۆی ده‌ربڕی.
مانگی خاکه‌لێوه‌ی ١٤٠٣ی هه‌تاوی، کیانووش چراغی هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵی دێهلۆڕانی له دوای بانگکران له‌لایه‌ن لقی جێبه‌جێکردنی سزاکانی ئه‌و شاره‌وه ده‌سبه‌سه‌ر کرا و به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی سزای به‌ندکرانەکەی بۆ به‌ندیخانه‌ی ئیلام ڕاگوێزرا.
ئه‌و هاووڵاتییه ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٢ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن لقی ٢ی به‌ناو دادگای ئینقلابی ئیلامەوە له دێهلۆڕان و به سه‌رۆکایه‌تیی به‌ناو دادوه‌ریی ڕێژیم "سه‌ید ڕه‌زا سه‌لاحه‌دینی" به تۆمه‌تی "چالاکیی ته‌بلیغی دژی ڕێژیم" به ساڵێک به‌ندکرانی ته‌عزیری سزا درا.
هه‌روه‌ها ناوبراو له ڕێکه‌وتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هه‌تاوی به تۆمه‌تی "بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆ به مه‌به‌ستی هاندانی ڕای گشتیی له ڕێگه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌لانه‌وه" له‌لایه‌ن لقی ١٠١ی به‌ناو دادگای که‌یفه‌ری ٢ی دێهلۆڕان به سه‌رۆکایه‌تیی به‌ناو دادوه‌ریی ڕێژیم "حسه‌ین په‌ناهی" به ٢ ساڵ به‌ندکرانی داسەپاو سزا درا.
ڕۆژی شه‌ممه ١١ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٢ هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم به‌بێ نیشاندانی حوکمی یاسایی هێرشیان کرده سه‌ر ماڵی ئه‌و به‌ندکراوه سیاسییه کورده و به شێوه‌ی توندوتیژانه ده‌سبه‌سه‌ریان کرد.
کیانووش چراغی له دوای ته‌واوکردنی قۆناغه‌کانی لێپێچینه‌وه به دانانی بارمته و به شێوه‌ی کاتی ئازاد کرا.