
کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢١ی فێڤرییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامکە بەم چەشنەیە:
لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، جەخت لەسەر مافی بنەڕەتیی نەتەوەی کورد بۆ پەروەردە و خوێندن بە زمانی خۆی دەکەینەوە.
زمانی فارسی وەک زمانی دەسەڵات، هیچکات بە شێوەی سروشتی لە نێوان نەتەوەکانی نێو جوگرافیای ئێراندا باو نەبووە و لە ڕێگەی سیاسەتێکی زۆرەملێیەوە بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا سەپاوە. سیاسەتەکانی تواندنەوە لەلایەن ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێرانەوە، نەیتوانیوە و ناشتوانێت میراتی زمانی و مێژوویی و کەلتووریی ئێمە بسڕێتەوە.
ئێمە لەپاڵ هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی ناو ئێراندا وەستاوین و لە پێناو مافە نەتەوەییەکانمان و یەک لەوان خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی، خەبات دەکەین.
لێرەوە سپاسی هەموو مامۆستایان، خوێندکاران و تێکۆشەرانی بواری فێرکاریی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم کە، سەرەڕای کۆسپ و لەمپەرەکان و سیاسەتی زمانکوژیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێگەی گەشەی زمانی کوردییان هەموارتر کردووە.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە هەموو نەتەوەی مافخوازی کورد پیرۆز بێت.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣
٢٠ی فێڤرییەی ٢٠٢٥ی زایینی