کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نەورۆزی خاکیپۆشان" لە بزووتنەوەی نەورۆزی کوردستان‌دا

12:14 - 6 رەشەمه 2724

"نەورۆزی خاکیپۆشان" لە بزووتنەوەی نەورۆزی کوردستان‌دا

سمایل شەرەفی

نەورۆز کە لە نێو بەشێک لە گەلانی ناوچەکەدا بایەخ و مانای تایبەت بە خۆی هەیە و لەگەڵ نوێبوونەوەی سرووشت و سەری ساڵی نوێ‌دا بە شێوازی جۆراوجۆر پێشوازی لێدەکرێ، بۆ کورد و لە کوردستانیش بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. نەورۆز لە دێرزەمانەوە لە کوردستان لە ڕێوڕەسم و بە ڕەفتاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و کلتووری پێشوازی لێ کراوە و دیاردە و بۆنەیەکی تازە و هاوچەرخ نیە.

لە یەک دوو دەیەی دوایی‌دا نەرۆز لە کوردستان بۆ خەڵکی ئەم نیشتمانە کەونارە کە بەداخەوە تا ئێستاش سیاسەتی ئینکار، سەرکوت و دوژمنایەتیی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی بەسەردا زاڵە، بۆتە دەرفەتێکی خەباتکارانە و چیدیکە تەنیا بۆنەیەکی کلتووری نیە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی هەتاوییەوە، نەورۆز بە شێوەیەکی جەماوەری، رێکخراو و ئامانجدار لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی تایبەت‌دا پێشوازی لێ دەکرێ و بەڕێوە دەچێ. گەشە و پەرەگرتنی چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە کوردستان و چێبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە بنیاتنانی ڕەفتار و هەڵسووکەوتی جەماوەری و گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا، لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆزیش‌دا کاریگەری و شوێنەواری تایبەت بە خۆی هەبوو.

لە دوای بەڕێوەچوونی یەکەم رێوڕەسمی جەماوەری کە لە نەرۆزی ١٣٩١ی هەتاوی لە شاری ڕەبەت بەڕێوەچوو، ساڵ‌بەساڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز گشتگیرتر، ڕێک و پێک‌تر، پڕنێوەڕۆکتر و ئامانجدارانەتر بەڕێوەچوون. بەشداریی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکان‌دا ڕۆژ لەگەڵ رۆژ پەرەی سەند، چالاکانی مەدەنی کە زۆرترین ئەرکی پێکهێنانی ڕێوڕەسمەکانیان لەسەر شان بوو، چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و مونەزەمیان بە ڕێوڕەسمەکان بەخشی، بەشداریی کەسایەتییەکانی کوردستان، بایەخی ڕێوڕەسمەکانی بەرز کردەوە، بەشداریی ژنان و کچانی نیشتمان و ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان‌دا کاریگەریی لەسەر جەماوەریبوونیان دانا، سەرنجی میدیاکان و بڵاوکردنەوەی ڕێوڕەسمەکان لە میدیا کوردییەکان، بەتایبەت میدیاکانی حیزب و کوردکاناڵ شوێنەواری تایبەتی لەسەر هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی لە ڕێورەسمەکان دانا، هەڵبەت هەستیاربوونی کۆماری ئیسلامی و قەڵسەگێڕانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەڕێوەبەران و بەشدارانی ئەم ڕێوڕەسمانە، خەڵکی لە درێژەدان بە بەرینترکردنەوەی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان سوورتر کرد.

مانا بەخشین بەم ڕێوڕەسمانە و پەیامەکانی، یەکێک لە دڵنیگەرانییەکانی بەڕێوەبەران و بەگشتیی خەڵک بوو، کە چۆن بتوانن لەم کارنەڤاڵە جەماوەرییە بەردەوامە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان ڕوو بە دەسەڵات و نەیاران و هەروەها خاوەندرارێتی لە شوناسی خۆیان کەڵک وەربگرن. ئەو کاتە بوو کە ناو و هێماکان هاتنە ئاراوە.

 "نەورۆزی پێکەوەبوون" کە بۆ یەکەمجار ئەم ناوە لە نەرۆزی ١٣٩٥ و لە ئاوایی نییەری قارەمانپەروەر و لە چوارچێوەی پۆستێرێکی گەورەدا کەڵکی لێ وەرگیرا. پەیامەکە یەکێتی و یەکریزی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بۆ هەردوو باڵی حیزبی دێموکرات(حدک و حدکا) بوو کە دەنگانەوەیەکی زۆری هەم لە نێو خەڵک و هەم لە نێو ڕیزەکانی حیزب‌دا هەبوو.

لە نەرۆزی ساڵی دواتردا، واتە نەرۆزی ١٣٩٦ی هەتاوی و لە لایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە ناوی "نەورۆزی جامانەکان" لە سەر نەورۆزی ئەو ساڵە نراو و داوا لە خەڵک کرا کە بە جامانەوە بەشداریی رێوڕەسمە نەورۆزییەکان بکەن کە دواتر بە ئیبتکار و داهێنانی کۆمەڵێک لە کچان و ژنانی هوشیار، کەڵک وەرگرتن لە "هەوری"یشی پێ زیاد کرا. نەرۆزی ٩٦ یەكێک لە نەورۆزە تایبەتەکانی کوردستان بوو؛ لە زۆربەی شار و ئاواییەکانی کوردستان خەڵک بە هەوری و جامانەوە بەشدارییان تێدا کرد و لە پڕنێوەرۆکترین و ڕێکخراوترین ڕێوڕەسمەکان بوو.

تا سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا هەموو ساڵێک ڕێوڕەسمەکان بەوپەڕی ڕێک وپێکی‌یەوە بەڕێوە دەچوون؛ ڕێوڕەسمەکان بەرین و بەرینتر دەبوونەوە، هێماکانی جامانە، هەوری و گوڵی سوور پررەنگتر لە جاران کەڵکیان لێ وەردەگیرا و یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ڕوونی بە ڕێوڕەسمەکانەوە دیار بوو. چیدیکە ڕێوڕەسمەکان تەنیا لە چەند ڕۆژی پێش نەرۆز و دوای نەرۆزدا قەتیس نەمانەوە، ساڵی وابووە بۆ ماوەی یەک مانگ و زیاتریش هەر لە نێوەڕاست مانگی ڕەشەمەوە تا دوای سێزدەبەدەری یەک مانگی بەهار ڕێوڕەسمەکان هەرجارە و لە شوێنێک بەڕێوەچوون.

دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی و بە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە کچان و کوڕانی نیشتمان بە دەست هێزە سەرکوتکەر و بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، نەرۆزی ١٤٠٢ی کوردستان لە ماتەمینێکی مانادار و بە بەشداریی خەڵک لە سەر گڵکۆی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا و سەردانی بنەماڵەی شەهیدان  بەڕێ کرا. بەڵام لە نەرۆزی ١٤٠٣ی هەتاوی‌دا خەڵکی کوردستان وێڕای بەشداریی بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، پڕماناترین ڕێوڕەسمەکانیان بەڕێ کرد. لەگەڵ ئەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کەوتە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، بەڵام خەڵکی کوردستان لە درێژەی ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا و شان بە شانی بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەکە، لە دەیان شوێنی ئەم نیشتمانە ڕێورەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزیان بەڕێوە برد و پەیامی "لەسەرپێ"بوونی خۆیان و کوردستانیان بە گوێی دوژمن دا دایەوە. هێماکان زیاتر لە جاران لە ڕێوڕەسمەکان‌دا بەرچاو دەکەوتن، بەشداریی ژنان و کچانی وڵات کە لە بزووتنەوەی ژینادا ڕۆڵی بەرچاویان گێرا، پڕ‌ڕەنتر لە ساڵانی پێشوو بوو، یەکگرتویی خەڵک و یەکڕیزییان ببووە وێردی سەر زمانان و دوژمن سەری لە "بزووتنەوەی نەرۆزی کوردستان" سووڕ مابوو.

بۆ ئەمساڵ کوردستان پەیامێکی تایبەتی پێیە؛ پەیامەکانی ڕوونتر و ڕاشکاوانەترن، هێماکان بە مانا و پەیامی تایبەتەوە دێنە گۆڕێ. ناوی نەورۆزی ئەمساڵ لە قوڵایی باوەڕ و ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لاوانی دەروەست و هوشیاری گەل بە لەبەرکردنی جل و بەرگی خاکی، ناوکی ناوی نەرۆزی ئەمساڵیان بڕی و ناوی "نەورۆزی خاکیپۆشان"یان لەسەر نا.

خەڵکی کوردستان، ژنان و پیاوان و کوڕان و کچانی دڵ پڕ لە هیوای نیشتمان  لەمێژە کەواپانتۆڵی خاکی و جل و بەرگی ئاڵاوواڵا و جەمانە و هەورییەکانیان ئامادە کردوە بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی "نەرۆزی خاکیپۆشان"، بۆ ئەوەی لەم بزووتنەوە شوناسخوازانەیەدا یەکگرتووانە وێڕای بەرگری لە کلتوور و شوناسی نەتەوەیی خۆیان، پەیامی یەکگرتوویی گەل و لەسەرپێ‌ مانەوەی کوردستان بە گوێی دوژمن ‌دا بدەن.

بزووتنەوەی نەرۆز لە کوردستان لە نەورۆزی خاکیپۆشان‌دا چەند هەنگاوێکی مانادار دەچێتە پێش و لە بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکەدا بە جوانی دەدرەوشێتەوە.