کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی زیاتر لە ٧ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

15:09 - 6 رەشەمه 2724

مانگرتن لە خواردنی کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی دێهڵوڕان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندی ئێلێکترۆنیکی، هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و دەسبەسەرکردن و نواندنی توندوتیژی بەرانبەر بەم بەندکراوە لە کاتی ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئیلام لە کاتێکدا لە لێوەکانی دووریونەتەوە چووە نێو هەشتەمین ڕۆژی خۆیەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە کاتێکدا کە کیانووش چراغی سرۆمی بۆ دانرابوو، بە تەنیا بردرایە دیوێکی سارد و ناچار کرا نان بخوات کە ملکەچی ئەم بڕیارە نەبوو و لە کۆتاییدا بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئیلام ڕاگوێزرا و تاکوو ئێستاش هەر لەوێیە.

ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە سەرەتکەرەکانی ڕێژیم لە دێهلوڕان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی کیانووش و وێڕای دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ناوبراو، لە کاتی ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئیلام لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە و کاکیلە و ئەژنۆیان بریندار کردووە و ددانێکیشیان شکاندووە.

سەرەڕای ئەو خەسارەی کە بە کیانووش چراغی گەیشتووە، ناوبراو لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانە بێبەری کراوە و تەنانەت سەرەڕای داواکاری بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکی لەلایەن کیانووشەوە، هیچ وڵامێکی پێ نەدراوەتەوە و دەڵێن" مەگەر کەسێک لێی داوی".

کیانووش چراغی لە دووهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە بەندیخانەی ئیلام لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێ کە بەدواداچوون بۆ هەڵوەشانەوەی نایاسایی حوکمی پێبەندە ئێلێکترۆنیکییەکەی لەلایەن پارێزەرەکەیەوە دەکات، هەروەها ئاماژە بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و لێدانی خۆی پێش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانە دەکات لە کاتێکدا کە مۆڵەتی یاسایی بۆ خۆناساندنی بە بەندیخانە تەواو نەبووە. ناوبراو لەم پەیامەدا ئاماژە دەکات کە داواکارییەک جگە لە ئاسایش و داواکارییەکانی خەڵک ئەویش لە ڕێگەی سندووقی ئازادی دەنگدانی نییە و بۆ ئازادیی خۆی داوای لە هیچ کەسێکی سەر بە حکوومەت نەکردووە و خەڵک یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن.

گۆڕینی حوکمی کیانووش چراغی بۆ پێبەندی ئێلێکترۆنیکی بە بێ لەبەرچاوگرتنی کاری وەرزێڕیی ناوبراو لە دەرەوەی شار بووە و پێبەند تەنیا نیوەیەک لە شاری دێهلۆڕانی گرتووەتەوە. بەم هۆیەوە بۆ درێژەدان بە کاری وەرزێڕی داوای مورەخەسیی سێ ڕۆژەی کردووە کە ڕەت کراوەتەوە و لە کۆتاییدا ناچار بووە داواکاریی ڕاگواستنی پێبەندەکە بە ژوورێکی بچووک بە دۆخی سەختەوە لە شوێنی کارەکەی بدا کە لە کۆتاییدا ئەوەش هەڵدەوەشێننەوە. مانگرتن لە خواردنی ناوبراوێش بە هۆی ئەم دۆخە، هێرشی هێزە ئەمنییەتیەکان بۆ سەر ماڵەکەی و نواندنی توندوتیژی بووە.

٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ کوردپا ڕایگەیاند کە لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، بڕیاری هەڵوەشانەوەی سزای پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی کیانووش چراغی داوە.