
چارەنووسی ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە دەسبەسەرە، ناڕوونە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی سنە داوای بارمتەی ٥ میلیارد تمەنیی بۆ ئازادی ناوبراو لە بنەماڵەکەی کردووە، بەڵام داواکاریی ئازادیی کاتیی ناوبراو ڕەت کراوەتەوە.
بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو لە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگوێزراوە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.
ئەفشین حوسێنپەناهی تاکو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. لە درێژەدا هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کردووە.
ئەفشین حوسێنپەناهی پێش دەسبەسەرکران بانگی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.
ئەفشین حوسێنپەناهی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە و ئازار دراوە.