کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە هولەند

10:47 - 7 رەشەمه 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە، بەرامبەر بە ٢٣ی فێورییەی ٢٠٢٥ لە شاری فلاردینگێن لە وڵاتی هولەند حیزبە کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان کۆبوونەوە و دوایین دۆخی هەلومەرجی سیاسیی وڵاتەکەیان خستە بەرباس.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەم راپۆرتی کار وچالاکی کۆمیتەی هاوکاری لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو خوێندرایەوە و پاشان بە ڕەخنە و پێشنیار هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.

لە بەشی دووهەمدا هەر یەک لە نوێنەرانی بەشەکانی کوردستان هەلومەرجی سیاسیی وڵاتەکەیان بۆ بەشداربووان شی کردەوە، لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەسەن مەجیدی وتارێکی لە هەمبەر سیاسەتە دژە مرۆڤی و دژە گەلیی کۆماری ئیسلامی لە سەرتای دامەزرانی هەتا ئێستا کرد.

حەسەن مەجیدی باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتی حاکم لەلایەن خەڵکەوە ڕەوایی نەماوە و لە ڕوانگەی دونیای دەرەوەش بە تەواوی لە پەراوێز خراوە و هێزە نیابەتییەکانی لە وڵاتانی سووریە، فەلەستین، لوبنان، یەمەن بە تەواوی لە دەست داوە و کەوتووە تە پەلەقاژە.

ناوبراو هەروەها باسێکی لەسەر بواری ئابووریی داڕماوی ئێران کرد کە چۆن زەختی بۆ سەر ژیانی خەڵک هێناوە و لە کۆتاییدا هیوای خواست کە نەورۆزی خاکیپۆشانی ئەوساڵ نەورۆزی نەمانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێت.