
کەمپەینی ''سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان'' لە لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی پەنجا و حەوتەمین حەفتەی بەڕێوەچوونی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی پاش تەواوبوونی ڕێوڕەسمە حکوومەتییەکانی خۆی لە مانگی ڕێبەنداندا، شەپۆلێکی نوێی لە سێدارەدانەکانی دەست پی کردووەتەوە.
کەمپەینەکە ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمە لە بەیاننامەکەیدا هێناویەتی "تەنیا لە دوو ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەشەمە ١٧ بەندکراو لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون و هاوکات دیوانی باڵای ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە، داواکاریی مێهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی دوو بەندکراوی سیاسی بۆ پێداجوونەوە بە حوکمەکانیان ڕەت کردووەتەوە و بە وتەی چالاکوانان مەترسی جیددی لەمەڕ لە سێدارەدانیان هەیە".
جگە لەم دوو بەندکراوە، مەترسیەکانی لە سێدارەدانی سێ بەندکراوی ژنی سیاسی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکەیە.
بەیاننامەکە زیادی کردووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی نالەباری تەندروستی و دەرمانی بەندکراوان ڕووی لە زیادبوونە و لە حەفتەی ڕابردوودا سێ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ورمێ، ئێرانشار و دێهدەشت بە هۆی نەبوونی چاوەدێریی پزیشکییەوە گیانیان لە دەست داوە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئەم بابەتەیان بە کوشتنی سیستماتیکی بەندکراوان زانیوە.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا بە دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دیاریکردنی جەعفەر مونتەزری، دادستانی پێشووی ڕێژیم وەک سەرۆکی دیوانی باڵا، هۆشداری دا کە ئەم ئاڵوگۆرە دەتوانێت لە کاناڵیزەکردنی دۆسییەی بەندکراوان و پشتڕاستکردنەوەی خێرای حوکمەکانی لەسێدارەدانیان، کاریگەریی هەبێت.
ئەم کەمپەینە لە ڕێبەندانی ساڵی رابردوو و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە پێناو ناڕەزایەتی بە حوکمەکانی سێدارە لە بەندیخانەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت.
لە ئێستادا و لە پەنجا و حەوتەمین حەفتەی بەڕێوەچوونی کەمپەینەکە، ٣٧ بەندیخانە لە سەرتاسەری ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە حوکمەکانی لەسێدارەدان لە ڕۆژانی سێشەممەدا مان لە خواردن دەگرن.
کەمپەینەکە ڕایگەیاندووە کە تا کۆتاییهێنان بە سێدارەکان لە ئێران دەست لە چالاکییەکانی خۆی هەڵناگرێت.