
سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت مانگ و سێزدە ڕۆژ لە کاتی ڕفاندنی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، چارەنووسی ناوبراو تا ئێستاش نادیارە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەبوڵکردنی بەرپرسیارێتی لەو بارەدا خۆ دەبوێرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٥٧ ڕۆژ لە کاتی ڕفاندنی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵی خەڵکی مەهاباد هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هاوژینی ئەنوەر ڕەمەزانپوور بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بانە، سنە، تاران و ئورمیە و باقی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بەدەست نەهێناوە.
ئەنوەر ڕەمەزانپوور، کە لە هەرێمی کوردستان کرێکار بووە ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سێ ڕۆژ دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان، لە نزیکی ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی ڕیژیم ڕفێندراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ڕێگریی سیستماتیکی ناوەندە ئەمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەبوڵکردنی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، بە نیشانەیەکی ئاشکرا لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە لایەن ئەو حکومەتەوە بە هەژمار دێت.
ڕیکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو'' لەو ڕاپۆرتەدا ڕێگەیاندووە: ''بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پاڵپشتی لە سەرجەم هاووڵاتییان بەرانبەر بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەوڵەتی ئێران بە هۆکاری ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئەنوەر ڕەمەزانپوور دەزانێت و داوای بەرپرسیارێتی و وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی لەو بابەتەدا و دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێی بنەماڵەکەی بە خزمەتگوزارییە یاسایی و تەندروستییەکان و پارێزەر دەکات''.