زیاتر لە ١٢٠٠ کەس، لەوانە ژنانی زیندانیی سیاسی، چالاکانی مافی ژنان و چالاکانی دژی سزای لەسێدارەدان لە ٤٤ وڵاتەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا خوازیاری کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان لە ئێران بوون بە تایبەتی لەسێدارەدانی ژنان.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندان گوڵڕۆخ ئیرایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی کە ئەو ڕاگەیەندراوە لەلایەن هەشت زیندانیی سیاسیی ژنەوە کە بریتین لە زەینەب جەلالیان، نەرگس محەممەدی، گوڵڕۆخ ئیرایی، مریەم سادات یەحیەوی، حوورا نیکبەخت، سەکینە پەروانە، مۆتەهەر گوونەیی و ویدا ڕەبانی، واژۆ کراوە.
هەروەها ئەو ڕاگەیەندراوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراو و تۆڕی فێمینیستیی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دژایەتی سزای لەسێدارەدان و پشتیوانانی زیندانییەکان نێردراوە و داوا کراوە کە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش هاوکاریان بن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زۆرێک لەو ژنانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، قوربانیی توندوتیژیی خێزانی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هاوسەرمنداڵین و ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەش بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکانیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها واژۆکارانی ئەو ڕاگەیەندراوە جەختیان لەوە کردەوە کە زیاتر لە نیوەی هەموو ئەو لەسێدارە تۆمارکراوانەی ئێران پەیوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە و زۆربەیان لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بوون.
لە لایەکی دیکەوە واژۆکارانی ئەم ڕاگەیەندراوە داوایان لە چالاکوان و ڕێکخراوە غەیرە ئێرانییەکان کردووە کە گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی دەستبەجێ هەر بەرنامە و پیلانێکی کە هەیە بۆ لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕابگرن و سزای لەسێدارەدانیان هەڵبوەشێننەوە و ئازادیان بکەن.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا داوا لە ڕێکخراوەکان، چالاکانی مەدەنی و چالاکانی مافی ژنانی نێودەوڵەتی کراوە کە لە هەموو دەرفەتەکان بە تایبەت لە بۆنە جیهانییەکاندا کە بەرپرسان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی زانیاری هەڵە سەبارەت بە "پێشکەوتنی مافەکانی ژنان" دەدەن کەڵک وەرگرن و سەبارەت بە “ئاماری مەترسیداری لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا” ناچار بە وڵامدانەوە بکەن.