
جێگری پەروەردەی سەرەتایی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم باسی لە بێبەشبوونی لانیکەم ١٦٩ هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندنی سەرەتایی کرد.
ڕزوان حەکیمزادە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە ١٦٨ هەزار و ٨٨١ قوتابی لە ٦ ئاستی سەرەتایی و ٧١ هەزار و ٦١ قوتابی لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە خوێندن بێبەشن.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە دا کە لە قوتابخانەی سەرەتاییدا ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە لە خوێندن بێبەشن دەستنیشان کراون و گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ١٧٥ قوتابی و ٢٤ هەزار و ٨٤٩ کەسیان لە سەرەتای ساڵی خوێندندا لە قوتابخانەکاندا ناویان تۆمار کراوە هەروەها بۆ تەمەن ٦ ساڵانەکان، ١٥ هەزار و ٦٨٠ قوتابی دەستنیشان کراون و ناویان لە پۆلەکاندا تۆمار کراوە.
حەکیمزادە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ٦ هەزار و ٤٧ پۆل لە قوتابخانەکانی ئێراندا هەیە کە زیاتر لە ٤٠ قوتابییان تێدایە.
هەر لەو پێوەندییەدا عەلی ڕەبیعی یاریدەدەری کۆمەڵایەتیی بەرپرسی دەوڵەتی پزشکییان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە نزیکەی ٤٩٪ منداڵانی کار و سەرشەقام لە ئێران لە خوێندن بێبەشن.
هاوکات لەگەڵ هەڵکشان و بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوسان لە ئێران، هەژاری و نەمانی توانایی بنەماڵەکان لە دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان، منداڵانی ناچار کردووە واز لە خوێندن بهێنن و بچنە ناو بازاڕی کارەوە.