![](/content/upload/1/news/77575_w920.jpg)
دووانەی وەهم و ترس، دیکتاتۆر، نوێژی مردوو بە جلیقەی گوللەنەبر!
ڕەزا دانشجوو
دیکتاتۆرەکان خاوەنی تاقمێک تایبەتمەندی ناوازە و یەکسانن و دەتوانرێت هۆکاری زۆرێک لە ڕەفتارەکانیان ڕوون بکرێتەوە. لەنێو ئەم تایبەتمەندییانەدا دووانەی "وەهم و ترس" زۆر جێی سەرنج ولێکۆڵینەوەن.
لە ڕاستیدا بۆ ئەم دووانەیەی دژبەیەک لە نێوان دیکتاتۆرەکاندا هیچ سنوورێکی ڕوون نادۆزرێتەوە. لە کاتێکدا دیکتاتۆرەکان بە گشتی خۆیان لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتدا دەبینن وهیچ سنوورێک بۆحوکمڕانیی خۆیان نابینن ولە ڕاستیدا خۆیان بە ملکەچی یاسا نازانن، بەڵکو یاسا بە ملکەچی خۆیان دەزانن، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی سەیرو سەرسوڕهێنەر لە هەموو شتێک دەترسن و بەردەوام دڵەڕاوکێیان هەیە. پارانۆیا یان پارانۆید وشەگەلێکن کە بۆ ئەم چەشنە ڕەفتارانەی دیکتاتۆرەکان کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
سەدام حوسێن دیکتاتۆری عێراق هەرگیز خۆی وەک سەرۆککۆمارێکی بەستراوە بە دەنگی خەڵکی عێراق نەدەدیت. لە ڕوانگەی سەدامەوە، ئەو نیعمەتێک بوو کە نەک تەنها بۆ گەلانی عێراق، بەڵکو جیهانی عەرەبیش پێویستی بە سەرکردایەتی و ڕێنمایی ئەو بوو. خۆبەزلزانینی سەدام لە هێرشکردنە سەر کوەیت کە ساڵانێک لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراندا پێداویستییەکانی سوپای عێراقی دابین دەکرد، ئەوەی نیشان دا کە لە ڕوانگەی سەدامەوە ئەوەی کوەیت کردوویەتی ئەرکە و لەوە زیاتر هیچی تر نییە! یان کاتێک هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشیان کردە سەر عێراق وگەیشتنە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی، سەدام لەنێو خەڵکدا خەریکی خۆنیشاندان و نمایشکردن بوو بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ناترسێت و ڕادەوەستێت! بەڵام هەر ئەم سەدامە لە ترسی خیانەت زاواکەی کوشت! ڕۆژانە لە چەند شوێنێکی جیاواز لە عێراق خواردنیان بۆ ئامادە دەکرد تا کەس نەزانێت سەدام لەکوێ خواردن دەخوات، نەک ژەهراویی بکەن! و لە کۆتاییشدا، نائومێد و ترسنۆکانه، ڕیشن و پیس و چەپەڵ، بە شێوازێکی زۆر نالەبار وێڕای سووکایەتیکردن لە لایەن چەند سەربازێکی ئەمریکایی دەسبەسەر کرا، کاتێک لە چاڵێکی چکۆلەی ژێر زەویدا خۆی حەشار دابوو!
لە چاوی قەزافی دیکتاتۆڕی پێشووی لیبی، کتێبە سەوزەکەی ئەوەندە پیرۆز بوو کە لە هەموو شوێنێک دەبا هەبا. لە ڕوانگەی قەزافی ئەم کتێبە تاکە چارەسەر بوو نەک تەنها بۆ ڕزگارکردنی گەلی لیبی بەڵکو هەموو جیهانیش! قەزافیش وەک سەدام بانگەشەی سەرکردایەتیکردنی جیهانی عەرەبی دەکرد. بەڵام هەر ئەم قەزافییە لە کاتی سەفەرەکانیدا، لەبری ئەوەی لە هۆتێلێکدا بمێنێتەوە، لە نزیک شوێنی کۆنفڕانسەکەدا چادرێکی هەڵدەدا و لە ترسی دەرمانداو کردنی لەلایەن نەیاران و وڵاتانی دژبەری، خواردنەکەی لەلایەن چێشتلێنەری تایبەتەوە ئامادە دەکرا!
قەزافییش تا دوا سات نەیارەکانی بە ترسنۆک ناو دەبرد و خەریکی خۆنیشاندان و قسەکردنی بێبنەما بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لەژێر پردێکدا کە خۆی حەشار دابوو، دۆزرایەوە، کاتێک لە لایەن شۆڕشگێڕان دەسبەسەر کرا لە ترسان دەلەرزی...!
دووانەی "وەهم و ترس" لە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆری دەسەڵاتداری تاراندا بە باشی بەدی دەکرێت. عەلی خامنەیی کە لە ڕێگەی دوو گێڕانەوەی درۆ و تەواو ناڕاستی هاشمی ڕەفسەنجانی توانی تاج و تەختی ویلایەتی فەقێهـ بەدەست بهێنێت و لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی خۆیدا بە ڕاشکاوی گوتی: "داخ بۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی کەسێکی وەک منی ببێتە سەرکردە!" بەڵام زۆر خێرا ڕواڵەتی خۆی گۆڕی و بە نەهێشتنی هەموو ڕکابەرە سیاسییەکانی و بانگەشەی بۆ ڕێبەری هەموو موسڵمانانی جیهان! وێنەیەکی نوێی دیکتاتۆریەتی خۆی خستەڕوو. خامنەیی جگە لە سەرکوتکردنی هەموو نەیارانی سیاسی و دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، زۆر بێبەزەییانە دەستی کرد بە لابردن و لە ناوبردنی هاوڕێیانی ڕابردووی! لەسەرکارلابردن، خانەنشین کردن، زیندان و دواجار خنکاندن لە مەلەوانگە! ئەم تاکتیک و ڕێگایانە بوون کە خامنەیی بۆ یەکدەستکردن و چەسپاندنی دەسەڵات بەکاری هێنان. ئێستا سەرکردەیەکی خەیاڵی و خۆبەزلزانی جیهانی ئیسلام! بیری لە فەتح و گەورەکردنەوەی سنووری دەسەڵاتی دەکردەوە بۆ نیشاندانی توانایی خەیاڵی وەلایەتی فەقیهـ، هیلالی شیعە!
دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکەی تاران کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە سەرکوتی دڕندانەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلانی ئێرانی هەیە، هەرگیز ئامادە نەبووە و نابێت گوێ بیسی ڕاستییەکان و داخوازییەکانی خەڵک بێت. پڕوپاگەندەی بێکۆتایی بەرخۆدان لە دژی دوژمنێکی خەیاڵی، بانگەشەی بێ بنەما سەبارەت بە دەسەڵاتی خەیاڵی دیکتاتۆر، چیرۆکی هەر ڕۆژەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی عەلی خامنەیین!
بەڵام ئەم دیکتاتۆرە خوێنڕێژە ساڵانێکە بەدەگمەن لەنێو خەڵکدا دەرکەوتوە و وتارەکانیشی لەژێر توندترین ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ تاقمێک گرووپی تایبەت و هەڵبژێردراو بەڕێوە دەچن! خامنەیی لە کاتی قەیرانەکاندا زۆر ئاشکرا خۆی نیشان دەدات و وەک کەسێکی تەواو دۆڕاو و بێدەسەڵات دەردەکەوێت هەرچەند تێدەکۆشێت وەک هەمیشە بە تاقمێک ئیدیعا و قسەی بێبنەما نیشان بدات ئێستاش توانای درێژەدانی ماوە! ڕەنگە قسەکان و شێوەی دەرکەوتنی لە نوێژی هەینی دوای ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی کە تێکەڵاوێک لە گریان، داماوی و کڵۆڵی و سواڵکردن بوو، یەکێک بێت لە باشترین نمونەکانی ترس و پارانۆیا لە ڕەفتاری عەلی خامنەیی!
بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بەتایبەت دوای لەنێوچوونی قاسم سولەیمانی فۆڕمێکی دیکەی بە خۆوە گرتوە. ئێستا لە دووانەی وەهم و ترس، ترس زیاتر دیارە. خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە گرنگترین کاری لەم چەند ساڵەی دواییدا خوێندنی نوێژی مردوو بووە! ئێستا بە شێوەیەکی سەیر بانگەشە بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمنی خەیاڵی و پڕوپاگەندەی درۆی کەم کردووەتەوە! لێدوانە ترسنۆکانەکانی خامنەیی لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، کە باس لە داخرانی ڕێگاکانی یارمەتیدان بۆ سووریە لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕائیل و دەستێوەردانی وڵاتێکی دراوسێ دەکات بێ ئەوەی بوێرێت ناوی تورکیە بێنێت، دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە دیکتاتۆری تاران خۆی زۆر زیاتر لە جاران لە لێواری هەڵدێر دەبینێت.
نوێترین دەرکەوتنی دیکتاتۆر بۆ ئێشی ئەم ڕۆژانەی، خوێندنی نوێژی مردوو بوو لەسەر تەرمی دوو نادادوەری لەنێوچوو لە تاران! کە بە شێوەیەکی دیار نیشاندەری ترس و دڵەڕاوکێی بێسنووری عەلی خامنەیین لەم ڕۆژانەدا! ئەو کەسەی کە ساڵانێکە خۆی بە ڕێبەری جیهانی ئیسلامی دەزانێت و ساڵانێکە بەردەوام ئاواتی شەهیدبوون بۆ هەموو بەکرێگیراوان و نۆکەرانی دەخوازێت و شەهیدبوون بە شەڕەف و گەورەیی بۆ شوێنکەوتووانی ناو دەبات، لە ترسی مردن و کۆتایی ژیانی بێ بایەخی، خۆی بە جلیقە و پەستەکی گوللە نەبڕ نوێژ دەکات!
ئەمە دیمەنی کۆتایی چیرۆکی دووانەی وەهم و ترس لە فیلمی دیکتاتۆردایە! ئێستا ترس بەسەر بوونی دیکتاتۆردا باڵا دەستە و هیچ شتێکی گرنگی تر بوونی نییە! ئێستا خامنەیی لە هەموو کاتێک زیاتر ڕاستییەکان لەبەر چاوی خۆیدا دەبینێت! کە پەردەکان لاچوون و دیکتاتۆر دوور لە دنیای وەهمدا خەریکی دیتنی ڕاستیەکانی کۆمەڵگەیە! ئەم کۆمەڵگەیەی کە بۆ لابردن و نەمانی چاوەڕوانی چکۆلەترین دەرفەتە! ئەمڕۆ یان سبەی! لە چاڵێکدا، لە بیرێکدا یان لەژێر پردێکدا! لە دەستی شۆڕشگێڕان و...