![](/content/upload/1/news/77465_w920.jpg)
بەڕێوەچوونی یەکەم پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێموکرات (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)
یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان) ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕێبەندان (٦/٢/٢٠٢٥ی زایینی) بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوە چوو. ئەم کۆبوونەوەیە هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی حیزب، هەڵسەنگاندنی کاروباری کۆنگرە و دیاریکردنی گرنگترین ئەولەوییەت و کارەکانی کۆمیتەی ناوەندیی نوێی خستبووە دەستووری کاری خۆیەوە.
لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز کاک مستەفا هیجری بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرا. کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکەم وتاری دوای هەڵبژێرانیدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرە، پیرۆزبایی لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات و تێکڕای خەڵکی کوردستان کرد و ڕێز و پێزانینی خۆی و ڕێبەریی حیزبی بەو بەڕێزانە ڕاگەیاند کە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوویینەناسی بۆ بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم کۆنگرەیە، ئەرکیان گرتبووە ئەستۆ. هەروەها لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەوە سپاس و پێزانینی ڕێبەریی نوێی حیزبی دێموکراتی پێشکێش بە ئەندامی ڕێبەریی پێشووی حیزبی دێموکرات کرد کە لە ماوەی بەرپرسایەتییاندا ماندوویینەناسانە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکان و لە هەمووان گرینگتر بۆ بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرە بە هەموو توانا و ئەرکوەخۆگرییەوە تێکۆشان.
لە بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەی ناوەندی وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان، دۆستان، هۆگران و پشتیوانانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە لەژێر تیشکی ڕێنوێنیی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و بە ئیلهاموەرگرتن لە ناوی کۆنگرە، بۆ وەدیهێنانی ئامانجە دیاریکراوەکان لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی و بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرانە تێدەکۆشێت. بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی هەرچی زیاتر بەهێزکردنی یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزب و خوێندنەوەی ههموو توانا و زهرفییهتهکانی نێو حیزب، بە بایەخدان بە پێویستیی یهکگرتوویی هێزه سیاسییهکانی ڕۆژههڵات و بەردەوامیی تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجە؛ یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لهپێناو خهباتێکی نهتهوایهتیی هەمەلانە له بهرامبهر کۆماری ئیسلامیدا دەکاتە ئەولەوییەتی کار و بەرنامەکانی خۆی.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٦/٢/٢٠٢٥ی زایینی