کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری هەنگاوی جیهانی بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بوو

10:52 - 20 رێبەندان 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، لە کاردانەوە بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێراگەیشتنی دووبارە بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی ئەو چالاکە سیاسی و توێژەرە کۆمەڵایەتییە هەنگاو هەڵ بگرێت.

لە بەیاننامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا، دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقای ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە: ''پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ داوا لە کۆماری ئیسلامی بکات کە لەسێدارەدانی عەزیزی ڕابگرێت کە ساڵی ڕابردوو دوای دادگاییکردنی زۆر نادادپەروەرانە لە دادگای ئینقلابدا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.''

ئەم بەرپرسەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە عەزیزی تەنیا بەهۆی چالاکیی مرۆڤدۆستانە گیراوە، وەکوو خزمەتگوزاری هاوکاریی بۆ ژنان و منداڵانی ئاوارە دوای هێرشی داعش لە ڕۆژاوای کوردستان. ناوبراو لەبڕی ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدانی نزیک بێتەوە، پێویستە دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت ".

داوای دادگاییکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە و بەو هۆیەوە مەترسیی جیددیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ئارادایە.

پەخشان عەزیزی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەک یاریدەدەرێک لە ڕۆژاوای کوردستان هاوکاریی ئەو پەنابەرانەی دەکرد کە لە شەڕی داعش هەڵاتبوون، بەڵام نزیکەی ١٨ مانگ لەمەوبەر لە ئێران دەسبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی بەغی  لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای چوار ساڵ بەندکران و لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

زۆرێک لە بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکانی مەدەنی، کەسایەتییەکان و زیندانییانی سیاسی لە ئێران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارەیان کردووە.