![](/content/upload/1/news/77591_w920.jpg)
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی پەخشان عەزیزی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە، سەبارەت بە لەسێدارەدانی لە ماوەیەکی نزیکدا هۆشداری دا.
ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆییە سەپاندن و پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیی بە بەشێک لە سیاسەتی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی ڕێژیمی ئیسلامی لە دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناو بردووە.
ئەو ڕێکخراوە بە ئاماژەدان بە زیادبوونی بێوێنەی لەسێدارەدان بەتایبەتی لەسێدارەدانی ژنان، لە ساڵی ٢٠٢٤، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و بەتایبەتی هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵوێست بگرن.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەم پێوەندییەدا وتی: پشتڕاستکردنەوەی دووبارەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژیم لە ئیعدام و سەرکوت زیاتر هیچ ڕێگایەکی دیکە لە پێش خۆی نابینێ.
هەروەها ناوبراو وتی کە مەترسیی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی جیددیە و جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا بە زۆرکردنی تێچووی سیاسی لە ڕێگەی ناڕەزایەتیی جەماوەری و گوشارە نێودەوڵەتییەکانەوە دەتوانرێت لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا بوەستێنرێت.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە دا کە داواکاریی پەخشان عەزیزی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە سەرەڕای هەبوونی کەموکوڕی زۆر لە دۆسییەکەدا ڕەت کراوەتەوە.
ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە داواکاریی ناوبراو بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە لەلایەن لقی ٩ی دادگای باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە.