کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بەبێ چارەسەری پرسی کورد دێموکراسی لە ناوچەدا جێگیر و سەقامگیر نابێت

17:25 - 11 رەشەمه 2724

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پ ک ک لە تورکیە ڕایگەیاند یەکەم شت لە وەها پڕۆسەیەکی گرینگی سیاسی متمانەیە کە دەبێ لایەنەکان بە یەکتریان هەبێت. بەڵام گرینگ ڕاستییەکە کە ئێستا لە تورکیە دانی پێدا دەنرێ، ئەویش پرسی کوردە کە پاش دەیان ساڵ سیاسەتی حاشاکردنی حکوومەتی تورکیە و خەباتی چەکداری، ئێستا بە ئاقاری هەوڵدان بۆ چارەسەرێکی دێموکراتیک دەڕوات کە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەم پڕۆسەیە چۆن دەتوانێ بەسەر کەندوکۆسپەکانی بەردەمیدا زاڵ ببێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وتوێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "ایران انترناشنال" ڕایگەیاند پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرسێکی زیندووی ڕۆژەڤە، وەک چۆن لە سووریەی ئێستادا ناکرێ بەبێ چارەسەری پرسی کورد بیر لە سەقامگیری بکرێتەوە، هەروەها لە تورکیەش کە ئێستا پڕۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە و ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی خۆیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیش دادەنێن. مەسەلەکە ئەوەیە کە لە ئێستادا هیچ کام لەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش بووە، ناتوانن خۆیان لەو پرسە گرینگە بدزنەوە و سیاسەتی حاشا و سڕینەی کورد سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ڕەنگبێ فۆڕم و شێوازی چارەسەری پرسی کورد لەهەر کام لەو وڵاتانە جیاواز بێت.

کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا ڕایگەیاند کە چارەسەری پرسی کورد دەرفەتێکی زێڕین بۆ سەقامگیری و نهادینەبوونی دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. پێوەندیدار بە ئێرانیش ڕای وابوو لە دوای ڕووداوەکانی ساڵ و نیوی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئاوا بەئاسانی خۆی لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا ڕێک بخاتەوە، بەتایبەت کە دۆنالد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا جارێکی دیکەش بە سیاسەتی "ئەوپەڕی زەخت" دەیەوێ کۆماری ئیسلامی ناچار بە ملدان بە پاشەکشە و وازهێنان لە زۆر لە سیاسەت و بەرنامەکانی بکات و پەرەسەندنی جموجۆڵ و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە نێوخۆی وڵاتیش یارمەتیدەری ئەم گۆڕانکارییانە دەبن.