کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان فەرماندەی گشتیی هەسەدە و سەرۆک‌کۆماری سووریە

10:50 - 22 رەشەمه 2724

ڕاگەیاندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان فەرماندەی گشتیی هەسەدە و سەرۆک‌کۆماری سووریە

 

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکۆماری سووریە بۆ قۆناغی گواستنەوە، واژۆ کرا کە ئەگەر بە تەواوەتی و وەک خۆی جێبەجێ بکرێ، بەشێک لە داخوازەکانی گەلی کورد لە سووریە دێتە دی.

بێگومان لەم قۆناغەدا گەلانی سووریە لەپاش نەمانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و کورتکردنەوەی  دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تێکدانی وڵاتەکەیان، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستییان بە ئاسایش و ئارامی و پێکەوەکارکردن بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیوادارە گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دوای دەیان ساڵ  خەبات و تێکۆشان بۆ دابینکردنی مافەکانی، بە مافە قانوونی و دەستوورییەکانی شاد بێ.

هیواخوازین ئەم ڕێککەوتنە سەرەتایەکی باش بێ بۆ مسۆگەربوونی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریە لە یاسای بنەڕەتیی داهاتووی وڵاتەکەدا و، پێکەوە لە بنیاتنانەوە و پێشخستنی وڵاتەکەیاندا هاوکار و یارمەتیدەر بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣

١٢ی مارسی ٢٠٢٥