کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەڕێوەچوونی کۆڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییانی کارەساتی هەڵەبجە

16:56 - 22 رەشەمه 2724

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕەشەمە (١١ی مارسی ۲٠۲٥ی زایینی)، کۆڕێکی ڕێزگرتن و یادەوەری بۆ قوربانییانی کارەساتی هەڵەبجە، بە بەشداریی بەشێک لە پارلەمانتاران، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سویدی و کوردستانییەکان، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی دیاسپۆرای کوردی لە سوید لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی پارلەمانی ئەم وڵاتە پێک هات.

‎ئەو بۆنەیە لەلایەن گرووپی سۆسیال دێموکراتەکانی پارلەمانی سوید و بە هاوکاریی تۆڕی سوید ـ کوردستان لە پارلەمانی سوید و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید ئامادەکاری بۆ کرابوو.

‎هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە فەرمی بۆ ئەم بۆنەیە بانگهێشت کرابوون پێکهاتبوو لە؛ بەڕێزان عینایەت دەشتی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید، ماپەرە قەرەگۆلی، حەمید تەیموری و سۆران عەلیپوور.

 ڕێوڕەسمەکە بە وتاری "ئۆللا مۆلەر" سەرۆکی تۆری  سوید ـ کوردستان لە پارلەمانی سوێد دەستی پێ کرد. بەڕێزیان پێداگریی لەسەر وەبیرهێنانەوەی ئەو کارەساتە کرد، تا نەوەکانی داهاتوو لە بیری نەکەن کە هێزە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکان چۆن دەستیان دەچێتە خوێنی کەسانێک کە تەنیا بە تاوانی ئەوەی لە دایکێک لەدایک بوون کە لە باری نەتەوەییەوە لە گەڵ ئەوان جیاوازی هەیە.

شۆڕش قادر ڕەحیم نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید وتارێکی بەپێز و دەوڵەمەندی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ڕووداوی هەڵەبجە بەشێک بوو لە زنجیرە ڕووداوێکی سیستماتیک بۆ قەڵاچۆکردنی کورد، بۆ ئێمەی کورد وەبیرهێنانەوەی ئەو کارەساتە  بەشێکە لە پاراستنی ناسنامە و بوونی کورد.

‎بۆنەکە بە کۆمەڵێک پارچە مووزیک و لاوانەوەی گرووپی مووزیکی هەورامان، شێعر و وتاری چەند پەرلەمانتارێکی سویدی و نوێنەری کۆمەڵەی کوردی بەردەوام بوو و بە وتاری "فرێدریک مالم" ئەندام پەرلەمان لە سەر لیستی لیبڕاڵەکان  و  جێگری  تۆڕی کوردستان ـ سوید لە پارلەمانی سوید کۆتایی پێ هات.