کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ڕاپۆرتی مای ساتۆ سەبارەت بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران

11:05 - 23 رەشەمه 2724

ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێراندا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕی.

مای ساتۆ لە ڕاپۆرتەکەیدا بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی "١٩-٥٥"ـی شۆرای مافی مرۆڤ، وێڕای لێکۆڵینەوە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەرنجی خستووەتە سەر لایەنی ڕەگەزی و کاریگەرییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەم بوارانەدا.

ساتۆ لە ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، بۆ جارێکی دیکە خوازیاری ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان و پووچەڵکردنەوەی هەموو حوکمەکانی سێدارە بەتایبەتی حوکمەکانی منداڵانی تاوانبار بووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە تۆمارکردنی ٩٠٠ سێدارە کە بریتییە لە زیاترین ڕێژەی ژنان لە یەک دەیەی ڕابردوودا نیشاندەری کەڵکوەرگرتنی دەسەڵات لە سێدارە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵکە.

ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەیەکی بە هەڵاواردنی بەربڵاو بە دژی ژنان لە ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم هەڵاواردنانە لە بوارەگەلی وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات و دەسڕاگەیشتن بە دادپەروەری، ژیانی ژنانی لە ئێران سنووردار کردووە.

بە وتەی مای ساتۆ، سەرەڕای سەرکوتی بەرفراوانی دەسەڵات و هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی یاسای ناسراو بە "حیجاب و عیفاف"، ژنان لە ئێران خۆڕاگری دەکەن و کاردانەویەکی بەرچاو بۆ بەرگری لە خۆیان ئەنجام ئەدەن.

ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەیەکی بە هەڵاواردنەکان بە دژی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان داوە.

مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، حەفتەی داهاتوو لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکیان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەبێت.