کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێستا نۆرەی تورکیەیە

10:21 - 12 رەشەمه 2724

ئێستا نۆرەی تورکیەیە

هەردی سەلیمی

لەدوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی، لایەنی سەرکەوتووی شەڕەکە کەوتنە سەر لەت‌وکوت‌کردنی ئیمپراتۆریی عوسمانی و وڵاتانێکی نوێ لەدایک بوون. بەدوای ئەم ڕووداوە و کاریگەرییەکانی دواتری لەنێو ئەم وڵاتانەدا کۆماری تورکیەش وەک وڵاتێکی سەربەخۆ پێی نایە سەر خەریتەی جیهان. ئەم کۆمارە هەر لە سەرەتاوە و لەسەر بنەمای حاشای نەتەوە ناتورکەکان خۆی پێناسە کرد و ئەو وڵاتەی بە وڵاتی تورکان دانا و لە سیاسەتی فەرمیی خۆی‌‌دا نەتەوەی کوردی – وەک گەورەترین کەمینەی ئەو وڵاتە – بە "تورکی چیایی" ناو هێنا و بە دەیان ساڵ هەوڵی نەرم و ڕەقی بۆ تواندنەوەی ئەم نەتەوەیە دا. بە چەندین بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کوردانی نێو تورکیەیان بەتوندی سەرکوت کرد و تەنانەت لەم پێوەندییەدا دەستیان لە ژینۆسایدکردنیش نەپاراست.

لە وەها دۆخێکی سیاسی و ئەمنی‌دا بوو کە ڕێکخراوی "پارتی کرێکارانی کوردستان" لە ساڵی ١٩٧٨دا دامەزرا و شەش ساڵ دواتریش واتە لە ساڵی ١٩٨٤دا دەستی بە خەباتی چەکداری لەدژی دەوڵەتی ناوەندیی تورکیە کرد. لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ٤١ ساڵ ڕادەبرێ ئەم بزووتنەوەیە هەر بەردەوام بووە و کۆتاییی پێ نەهاتووە. لەم نێوەدا و بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵاتی تورکیە و هەروەها ئاڵ‌وگۆڕی ناوچە و تێک‌چوونی نەزمی پێشووتر و لەگەڵ ئەوەش خوازیاریی تورکیە بۆ چوونە نێو یەکیەتیی ئورووپا، ئەوەی لە ئێمەوە دیارە ئەوەیە کە ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری وردی تریش ئەم وڵاتەی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی ئاوڕێک لە پرسی کورد لە تورکیە بداتەوە.

تا ئێستاش دەوڵەتی تورکیە سەرەڕای ئەوەی تێچوویەکی ماددیی زۆری بۆ لەنێوبردن و نەهێشتنی ئەم بزووتنەوەیە سەرف کردووە، بەڵام نەیتوانیوە ئامانجی سەرەکیی خۆی بپێکێ. ئەوە بوو کە "دەوڵەت باخچەلی" وەک یەکێک لە دیارترین ناسیۆنالیستەکانی مەیدانی سیاسەتی تورکیە، وەک یەکەم کەس لەم پرۆسە نوێیەی ئاشتی‌دا باسی لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بەڕێزعەبدوڵڵا ئوجالان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە لە پێوەندی لەگەڵ کۆتایی‌هێنان بە کێشەی کورد لە تورکیەدا کرد، بەدوای ئەوەدا کە خۆی دانپێدانانێک بوو بەسەر ئەم ڕاستییەدا کە کێشەی کورد وەک هەموو بەشەکانی تری کوردستان کێشەیەکی سیاسییە نەک ئەمنیەتی، زنجیرە وتووێژێکی نهێنی لە نێوان "ئانکارا" و "ئیمرالی"دا دەستی پێ‌کرد.

ئاکامی ئەم چاوپێکەوتنانە هەتا ئێستا لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئوجالان‌دا ڕەنگی داوەتەوە. ئوجالان لە نامەکەی‌دا وێڕای لێکدانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دۆخی پەنجا ساڵ لەمەوبەری جیهان و ناوچە و بەتایبەت تورکیە لەچاو ئێستا، باسی لەوە کردبوو کە فەزای داخراوی سیاسی و سیاسەتی نادێموکراتیکی حاشاکەرانەی کۆماری تورکیە کە پێکەوەژیانی هەزارساڵەی ئەم دوو نەتەوەیەی تێک دابوو، ئەوانی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی ستارتی خەباتێکی چەکدارانە لێ‌بدەن، بەڵام ئەو خەباتە بۆ قۆناغی یەکەمی خەباتەکەیان بووە و ئێستا پاش ئەو ساڵانە کە دەوڵەتی تورکیە دان بە بوونی نەتەوەی کورددا دەنێ و هەروەها دان بەوەش‌دا دەنێ کە پرسی کورد لەو وڵاتەدا پرسێکی سیاسییە و چەندین گۆڕانی گرنگی سیاسی و دێموکراتیکی دیکەش، ئەوی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی ئەو ڕەسالەتەی پێشووتر بۆ خۆیان پێناسە کردووە، کاتی بەسەر چووە و ئێستا پێویستە بە شێوەیەکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیەدا چالاکی بکەن.

دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ ئەم پەیامە لە خۆی‌دا پەیامێکی بوێرانە بوو هەر بۆیە بە ئاگایییەوە جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە مێژوویییە لە ئەستۆ دەگرێت و سەرکەوتنی ئەم پرۆسەی ئاشتییشی بە ئاکار و ڕەفتاری دەوڵەتی تورکیە لە داهاتوودا بەستبووەوە. وەک چاوەڕوان دەکرا پەکەکە پێشوازیی لە پەیامی سەرۆکی خۆی کرد و بە شێوەی یەک‌لایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئوجالانیشیان کردە مەرجی جێ‌بەجێ‌کردنی باقیی داواکارییەکان. لە ئێستادا دەبێ چاوەڕوان بین بزانین دەوڵەتی تورکیە لەم پێوەندییەدا چ هەنگاوێک هەڵدێنێتەوە و چۆن بەرەوپیری ئەم پەیامە دەچێ. ئەوەی لە ئێستادا ڕوونە ئەوەیە کە لایەنی کورد لەم کێشەیەدا نیشانی داوە ڕێگەچارەی لە ئاشتی‌دا دۆزیوەتەوە، بێ‌گومان هەنگاوەکانی دواتری ئەم پرۆسەیەش بەستراوەتەوە بە دژکردەوەی فەرمیی دەوڵەتی تورکیە.

هەر لەم پێوەندییەدا دەرکردنی ئەم پەیامە لەلایەن بەڕێز ئوجالانەوە شەپۆلێک لە شادی و خۆشی و پیرۆزباییی بەدوای خۆی‌دا هێنا و گەلی کورد بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژاڤا پێشوازییەکی کەم‌وێنەیان لەم پەیامە کرد. جگە لە لە کورد کە خۆی بە خاوەنی پرس و قەزیەکە دەزانێ، وڵاتانی ئەمریکا، ئاڵمان، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی دیکەش لە هەموو جیهان ئەم هەنگاوەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانی و پاڵپشتییان لێ کرد.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش کە هەردەم خوازیاری بە ئەنجام‌گەیشتن و سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بووە و هەمیشەش وەک پرەنسیپێک باوەڕی بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ڕێگەی وتووێژ و دانوستان و ئاشتییەوەیە، ئەم هەنگاوەی بە باش هەڵسەنگاند و هیوای خواست ئەنجامێکی دڵخوازی هەبێ.