
نەورۆز وەک بزاڤێکی ڕزگاریخوازانە
شەماڵ تەرغیبی
نەورۆزی ئەمساڵ و پێشوازی بێوێنەی خەڵک لەم بۆنە نەتەوەیی و سیاسی و مێژووییە، کە ئەمساڵ لەلایەن چالاکانی نێوخۆوە بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێر کراوە، وای کردووە کە مرۆڤ بێتە سەر ئەو باوەڕەی نەورۆز چیدیکە بۆ ئێمەی کورد تەنیا بۆنەیەک لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوا و سروشت یان بۆنەیەک بۆ شایی کردن و شادی دەربڕین نییە! بەڵکوو نەورۆز بووەتە بزاڤێکی ڕەهای سیاسیی ڕزگاریخوازانە کە تێیدا کورد خۆی لە بەرەیەکدا دەبینێتەوە کە داگیرکەری خاکەکەی سیلەی لێ گرتووە.
ئەگەرچی ڕێژیمی تاران پێش لە نەورۆز و لە کۆتاییەکانی ساڵدا، دەستی بە بانگهێشت و گرتن و چاوسوورکردنەوە و قامک ڕاوەشاندن لە خەڵک و بەتایبەت لە لاوانی کوردستان کردووە و هەوڵ دەدا خەڵک بترسێنێ تا بەشداریی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان نەبن و پشت لە خەونەکانیان بکەن و لەوەش زیاتر بە "موازیسازی" و پێکهێنانی بۆنەی نەورۆزی لە چوارچێوەی ئەو هێڵانەی کە کۆماری ئیسلامی باوەڕی پێیەتی، ئەوا دەبینین کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا گوێ بە مۆڕەکردنی چاونەزێرانی حکومەتی نادا و بەلایەوە گرینگ نییە، بەڵکوو بەوپەڕی تواناوە هەوڵی گەرمڕاگرتنی کەشی نەورۆزی ئەمساڵ دەدەن و بە بڵێسەدارترکردنی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ، وڵامی "لەگەڵبوون" بە خاکیپۆشان دەدەنەوە و دیسانەوە دوژمنی دۆشداماو، دەتاسێنن!
سەرەڕای سەرکوتی ئازادیخوازانی کورد و برسی هێشتنەوەی خەڵک و درووستکردنی کەشی خەفەقان لە کوردستان، نەورۆزی ڕۆژهەڵات بەو هۆیەوە کە لە ناخی مافخوازانەی گەلەوە سەرچاوە دەگرێ و بە لەبەرچاوگرتی ئەزموونی ساڵانی ڕابردووش، پێشبینی دەکرێ لەوپەڕی شکۆ و پێشوازی و گەرموگوڕیدا بەڕێوە بچێ. جلی خاکی، جامانە و هەوری لە ئیلام و کرماشان و گەڕووس و برادۆستدا سپای خوێن و سێدارە تووشی شۆک دەکات و ئەمەش، گەل هەنگاوێکی دیکە بەرەو ئازادی دەبات.
ژنانی کورد بە مەدەنیترین شێواز زیاتر لە پیاوان، ڕۆڵی سەرەکیان لە ڕازاندنەوەی خۆیان و منداڵان و لە ئاکامدا خەمڵاندنی نەورۆز و بەهاردا هەیە؛ بەو واتایە کە چۆن لە شۆڕشی ژینادا ئەوە ژنان و کچانی ڕۆژهەڵات بوون کە ئەکتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان پیشان دا هەرواش دەتوانن و دەبێ لەم نەورۆزەدا لە مەیداندا بن و جیا لە بەشدارییان هاندەرانە هەنگاو بنێن.
بەپێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، ئەوەیکە لە نەورۆزی ئەمساڵدا دەبینرێ و چاوی دوژمنی پێ کوێر و کزتر لە جاران دەکات و چاوی دۆست، ڕوون و گەشاوەتر، ئەو کەتوارەیە کە خەڵکی کوردستان، بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایینییەکانیان، بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە فکری و ئایدیاییەکانیان، لە چەپی چەپەوە تا ڕاستی ڕاست، نەورۆز دەکەنە هێما و خاڵی یەکگرتوویی نەتەوەیی؛ کە ئەم پرسە خۆی لە خۆیدا نیشاندەر و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەلی ئێمە لە ئێستەدا سەرقاڵی تێپەڕین لە قاوخێکی سازکراوی دەستی مێژوو و بیری کۆن و داگیرکارییانەیە کە بەردەوام هەوڵی داوە ئەو چەواشەکارییە لە زەینماندا بخزێنێت کە کورد نەیتوانیوە و ناتوانێ جیاوازییەکانی نێو ماڵی خۆی قبووڵ بکات کەواتە دەبێ هەردەم برا گەورەیەک (کە ڕوونە لێرەدا مەبەست خۆیەتی!) بە لاسەرییەوە بێت و چاکە و خراپەی پێ بڵێت و ڕێنوێنی بکات بەڵام وەک باس کرا کورد لەم بەرەنگارییە نەورۆزییەدا پەیامێکی زۆر گرینگ و مێژوویی بە داگیرکەر دەدا کە ئەویش ئەم کەتوارەیە: ئێمەی کورد دەتوانین یەک بین و بە یەکگرتوویی و بە وەلانانی جیاوازییە ئایدیاییەکانمان دەتوانین بەرەوڕووی چاونەزێرانی خاکەکەمان ببینەوە بۆیە نەورۆز لە قەوارەی بۆنەیەکی ئاسایی ناهێڵینەوە و دەیکەینە خاڵێکی وەرچەرخان لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازانەمان. نەورۆز بۆ ئێمە تەنیا بۆنەیەک نییە بەڵکوو بۆخۆی بزاڤێکە لە ڕاستای خەبات بۆ نەهێشتنی ستەم و گەیشتن بە ئازادی.