کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەڕێوەچوونی کۆڕێک بۆ یادی ژینگەپارێز و شاخەوانانی بانە

11:53 - 25 رەشەمه 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمە لە شاری هامبورگی ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بەشداریی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان و کوردانی چوارپارچەی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ژینگەپارێز و شاخەوانانی شاری بانە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

 بەو بۆنەوە کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ١٠ی ڕەشەمە و بەتایبەت لەگەڵ بنەماڵەی هاوڕێمان کاک ڕەشید ڕەحمانی بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی گشتیی حیزب و برای نەمر شەهلا ڕەحمانی کە هاوکات برای دوو شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان بوو، باسێکی لەسەر کار و چالاکی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زەحمەت و ماندووبوونی ئەو ڕێکخراوانە و پێگە و خۆشەویستییان لە ناو دڵی نەتەوەکەیان کرد.

کاک سوڵتان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: هەموو دەزانین کە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لەپێناو پاراستنی کوردستان، ژینگەی کوردستان، زمان و کەلتووری نیشتمانەکەمان زەحمەت و ماندوویی زۆر دەکێشن، زۆر جاریش تەنانەت لەلایەن دەسەڵاتەوە تووشی کێشە و گرفت دەبن، سزای بەندکرانی قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێت، جار بووە تەنانەت سەزای ئێعدامیان بەسەردا سپاوە. جگە لەوەش زۆرجار بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە گیانیان بەخشیوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو کردەوە شۆڕشگێڕانەیەی ڕێکخراوەکان بەرز دەنرخێنێ و ئێمە ڕێز بۆ خەبات و تێکۆشانیان دادەنێن.

هەروەها کاک محەممەدعەلی ئیڵدریم وەک پلاتفۆرمی کوردی هامبورگ هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی گیانباختکراوەکان و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد خواست. پاشان کاک شەهریار نەقشبەندی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد: خەڵکی شۆڕشگێڕ و هوشیاری کوردستان لە هەردەرفەتێک حەماسەیەکی مێژوویی دەخوڵقێنن تەنانەت کارەساتە سروشتییەکانیش دەکەن بە هەوێنێک بۆ نیشاندانی بەردەوامی و پتەوترکردنی یەکڕیزی و خەباتی بێ کۆتایی. خەمی  مەرگی شەش شاخەوانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری بانە کە سەراپای کوردستانی گرتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو.

کاک جاوید عەلیبرایم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی ئورووپای پارتی پێشڕەوی کورد لە سووریە پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات کرد.

کاک ڕەشید ڕەحمانی برای شاخەوانی کۆچکردوو شەهلا ڕەحمانی سپاس و پێزانینی بنەماڵەی ئەو شەش شاخەوانەی بۆ سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان کوردستان، کەسایەتی و توێژە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەتیش ڕێبەری حیزبی دێموکرات و خەڵکی گوندی حەوتاشی بانەی دەربڕی. ناوبراو هەروەها باسێکی لە کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێشکەش کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە وڵاتانی ئازاد، دێموکرات و یاسامەند کۆمەڵگەی مەدەنی بەسەر کاروباری حکوومەتەوە چاوەدێرن، لەلایەن حکوومەتەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی مادی و مەعنەوی دەکرێن و هەموو ئیمکاناتێکیان بۆ تەرخان دەکرێت بەڵام لە وڵاتی ئێمە حکوومەت خۆی کێشەکەیە. ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئێمە بۆ پاراستنی کوردستان دەبێ شەڕی دەسەڵات بۆ پارێزگاری مەجوودییەتی کوردستان، شەڕی نەریت، شەڕی پارێزگاری لە زمان و کولتووری کوردەواری بکەن و ئەگەر پێویست بکات گیانی خۆشیانی بۆ بەخت دەکەن هەر وەک شە‌هید کاک شەریف باجوەر و هاوڕێکانی. ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان باکگڕاوەندێکی مێژوویی قووڵیان هەیە و لانیکەم بۆ سەردەمی کۆماری خۆشەویستی کوردستان و دامەزرانی ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنان دەگەڕێتەوە و لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا بێچمی گرتووە. ئەو شەش شاخەوانەی بانە کە بەهۆی ڕنووی بەفرەوە گیانیان بەخت کرد، شەهیدی ئەو ڕێبازە پیرۆزەن هەر بۆیەش گەلی کورد بەباشی نرخی ڕۆڵە تێکۆشەر و دڵسۆزەکانی دەزانێت و بە لەدەستدانیان خەمبار دەبێت. ئەو ڕۆڵانەی کە تەنانەت مەرگیشیان دەبێتە حەماسە و هەنگاوێک زیاتر یەکڕیزی و گەشەی بیری نەتەوایەتیی بەرەوپێش دەبەن.

شایانی ئاماژەپێدانە هونەرمەندان کاک محەمەد تاهۆ و کاک ڕافا سەرڕووت بە چەند سروودی نیشتمانی بەشداری ڕێورەسمەکە بوون.

هەروەها کاک ساسان خاتوونی هۆنراوەیەکی بۆ گیانی پاکی شاخەوانان خوێندەوە.