کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری جێبەجێکردنی یاسای عیفاف و حیجاب لە ڕۆژانی داهاتوودا

11:59 - 25 رەشەمه 2724

عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بێدەنگ یاسای ناسراو بە "عیفاف و حیجاب" دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

نیکزاد لە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراو لە نێو لایەنگرانی سەر بە دەسەڵات، کە بۆ پشتیوانیکردن لەم یاسا لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیمدا کۆ ببونەوە وتی: "پێشتر کێشەیەک نەبوو بەڵام ئێستا بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە دەبێت ئەم یاسایە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت".

هاوکات لەلایەکی دیکەوە مەجید ئەنساری، جێگری حقووقیی مەسعوود پزشکییان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە کە بەشگەلێک لە یاسای عیفاف و حیجاب بۆ جێبەجێکردن نابێت و لەلایەن دەسەڵاتی یاسایی سەرووترەوە بڕیاری ڕاگرتنی کاتیی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دراوە.

ئەنساری زیادی کردووە کە یاساکە لەلایەن ئەوانەوە چاکسازیی بۆ دەکرێت و جارێکی دیکە دەنێردرێتەوە مەجلیس تاکوو پەسەند بکرێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێستا کاتێکی باش و گونجاو بۆ ئەنجامی ئەم هەوڵانە نییە".

وێدەچێت جێگری حقووقیی سەرۆکی دەوڵەت نیگەرانی مەترسییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە لە ئیستادا بێت و کاتێکی دیکە بۆ سەپاندنی ئەم یاسا زۆرەملێیە بۆ سەر ژنان و کچانی کۆمەڵگە بە گونجاو بزانێت.

لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی شکستە بەردەوامەکانی لە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و لەنێوچوونی هاوپەیمانەکانی لە بەرەی ناسراو بە "مقاومەتدا"، لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە و هەروەها گوشارە زۆرینەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، تووشی قەیرانگەلێکی نوێی کردووە، بەرپرسانی ڕێژیم ترسیان لەوەیە کە بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە قەیرانێکی دیکە بخولقێت و بەرەوڕووی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ببنەوە.

بە بڕوای کارناسان و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان ئەم یاسایە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی چەند قاتی ژنان و کچان، بەتایبەتی پاش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کۆمەڵگادایە.