
زیندانییانی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، لە شەستەمین حەفتەی ئەو هەڵمەتە لە ٣٨ زیندانی سەرانسەری ئێراندا مانیان لە خواردن گرت.
لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان"، ڕاگەیەندراوە کە لە سەروبەندی سەری ساڵی نوێدا پیرۆزبایی لە گەلی ئێران و هاونیشتیمانیان لە سەرانسەری جیهاندا دەکەین و لەگەڵ هاتنی جێژنی چوارشەممەسووری و نەورۆز هیوادارین بەرخۆدانی خەڵک لە دژی ستەمکاری و سێدارە لە ئێران وەک بڵێسەی دوا چوارشەممەی ساڵ گەشاوەتر بێت و کۆتایی بە تاریکی و کوشتن و توندوتیژی و سێدارەدان بهێنن.
دیکتاتۆری دەسەڵاتدار لە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا لانیکەم ١١٦ کەسی لە سێدارە داوە. هەروەها لە ساڵی ١٤٠٣دا ١١٤٨ بەندکراوی بە شێوەیەکی دڕندانە لە سێدارە داوە و بەپێی ئامارەکان ڕێژەکە زۆر زیاترە لەوەیە.
هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لە کردەوەیەکی تری نامرۆڤانەدا، لە ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٣، هاووڵاتییەک بە ناوی حەیدەر محەممەدی (حەسەنوەند) لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەهاوەنددا کوژراوە.
سەرەڕای گوشارەکان، کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بە خۆڕاگری لە دژی سەرکوت و لەسێدارەدان، دووهەمین نەورۆزی خۆی تێپەڕاندووە و هیوادارە لە ساڵی ١٤٠٤دا بە هێز و ئیرادەیەکی زیاترەوە بەرەنگاری سزای لەسێدارەدان ببێتەوە.
هەروەها ڕایانگەیاند ئێمە سپاسی حیزب و ڕێکخراو و پێکهاتە سیاسی و مەدەنی و سەندیکاکان و رێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەین. هەروەها سپاس و پێزانینمان بۆ گرووپە جۆراوجۆرەکان، لەوانە کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، نووسەران، هونەرمەندان، هەروەها ئەو خوێندکارانە هەیە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتیی سزای لەسێدارەدانیان کردووە و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیان لەم هەڵمەتە کردووە.
ئێمە ئێستا لە ٣٨ زیندانی جیاوازدا دژی سزای لەسێدارەدان ڕاپەڕیوین بۆ ئەوەی هەنگاوێکی بچووک بەرەو ڕزگارکردنی گیانی هەزاران زیندانی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە بنێین. بەداخەوە زیندانەکانی ڕێژیم پڕن لەو زیندانیانەی کە ڕەنگە ساڵی داهاتوو لە سێدارە بدرێن.