
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمە بڵاوی کردووەتەوە، باسی لە چڕبوونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چالاکوانانی مافی ژنان لە ئێران کردووە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە، ڕێژیم لە پاش ڕۆژی جیهانیی ژنەوە تاکوو ئێستا لانیکەم ٥ چالاکی مافی ژنانی دەسبەسەر کردووە و هەروەها سەرکوتی ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی چڕتر کردووەتەوە کە خوازیاری مافی هاوسان بۆ ژنانن.
سۆما محەممەدڕەزایی، سۆهەیلا مەتاعی و باران ساعێدی، سێ کەس لەم چالاکوانە دەسبەسەرکراوانەن کە پاش بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەیاننامەکە زیادی دەکات کە لە ماوەی ئەم دە ڕۆژەدا دەسبەسەرکرانی سەەڕۆیانە، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، لێدانی قامچی و تەنانت دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانیش زیاتری کردووە تاکوو بزووتنەوەی ژنان لە ئێران بێدەنگ بکرێت.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم پێوەندییەدا دەڵێت: "بەرپرسانی ئێران لە جیاتی ئەوەی کە پێداچوونە بە هەڵاواردن و توندوتیژیی سیستماتیک بە دژی ژنان و کچان بکەن، سەرکوتی بزووتنەوەی مافخوازیی ژنانیان بەتایبەتی پاش سەرهەڵدانی ژینا، چڕتر کردووەتەوە".
ئەلتەحاوی زیادی کردووە کە لە پاش بزووتنەوەی ژیناوە هەر نافەرمانییەکی مەدەنی لەلایەن ژنان و کچانەوە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنییەتی لە قەڵەم ئەدرێت.
ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە هاوکات لەگەڵ دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتووێژەکان بۆ نوێکردنەوەی ڕاسپێردراوی ڕیپۆرتێری تایبەت بە کاروباری ئێران و شاندی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگای جیهانی دەبێت لەهەمبەر پارێزراویی بەرپرسانی ئێرانی و لە پشتیوانیی لە مافی ژنان و کچان لە ئێران، هەڵوێستی خۆی بنوێنێت.
بڕیارە کە لە پەنجا و هەشتەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ٦ی ڕەشەمە تاکوو ١٥ی خاکەلێوە لە ژێنێڤی سویس بەڕێوە دەچێت، ڕاسپێردراوی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ژینا و ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، نوێ بکرێتەوە.