کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ڕاپۆرتی هێرانا لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی

10:27 - 30 رەشەمه 2724

هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، کۆتا ڕاپۆرتی ساڵی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی لە ئێران بڵاو کردەوە.

لەم ڕاپۆرتە کە ١٨ لاپەڕەی لە خۆ گرتووە هاتووە، کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم هەزار و ٥٠ کەسی لە سێدارە داوە.

٢٩ ژن و پێنج منداڵ لەم ساڵەدا لە ئێران لە سێدارە دراون.

ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە لەم ساڵەدا لانیکەم ٣٥٥ هاووڵاتی بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیم کەوتوون کە ١٥٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە، ٣١ کۆڵبەر، ٤٢ سووتەمەنیبەر و ٨٣ هاووڵاتیی دیکە کوژراوانی ئەم تەقەکردنانە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا لانیکەم دوو هەزار و ٢٥٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ساڵی ١٤٠٣ـدا لە ئێران بەڕێوە چووە و هەروەها لانیکەم سێ میلیۆن قوتابی لە خوێندن دوا کەوتوون و نزیک بە دوو میلیۆن منداڵی کار لەم ساڵەدا تۆمار کراوە.

هێرانا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم ڕاپۆرتە ناتوانێت دۆخی کارەساتباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە تەواوەتی نیشان بدات، باسی لە ڕێگەنەدانی کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخراوە مافی مرۆڤە سەربەخۆکان بۆ چالاکی لە ئێران کردووە.