
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣( ١٩ی مارسی ٢٠٢٥)، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆنفێدراسیۆنی ڕێکخراوە کوردستانییەکان (فەیکۆم) و هەروەها حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش، محەممەد فەقێعەلی لە بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بەشداریی لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.
ڕێوڕەسمەکە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی شارەداری ڤییەن بەڕێوەچوو و خەڵکانێکی زۆر لە کوردستانی، ئۆتریشی و وڵاتانی دیکە و نەتەوە جۆراوجۆرەکان بانگهێشت کرابوون.
ژمارەیەکی زۆرلە سیاسییەکانی وڵاتی ئوتریش لەم ڕێوڕەسەمەدا بەشدار بوون، بە تایبەتی سەرکۆماری پێشووی ئوتریش د. هاینتس فیشەر و ئەندام پارلەمان و ئەندامانی ئەنجومەنی شۆرای بەڕێوەبەرایەتیی شاری ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و سەوزەکانی ئوتریش و هەروەها چەندین کەسایەتیی دیکەی ئەدەبی و هونەری و کارناسانی بوارەکانی دیکە لەم ڕێوڕەسمە بەشدار بوون.
محەممەد فەقێ عەلی توانی لە گەڵ بەشێکی زۆری بەشداربووان ڕاستەوخۆ و لە نزیکەوە بدوێت و لەسەر ئێران و کوردستان و نەورۆز و حیزبی دێموکرات و سیاسەتەکانی و هەروەها کار و چالاکییەکانی ئەو حیزبە بە تایبەتی لە وڵاتی ئوتریش ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکات.
موزیکی کوردی بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە بوو و هەروەها پێشانگایەکی وێنەی کوردستانیش دانرابوو کە بەشداران دەیانتوانی سەردانیان بکەن و بیان بینن.