کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ بەشداریی نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی نەورۆز

19:57 - 1 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەشەمە (٢٠ی مارسی ٢٠٢٥) لەسەر بانگهێشتی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەم وڵاتە پێکهاتوو لە بەڕێزان: نیشمان عەزیزی، حەمید تەیمووری و موژدە عەزیزی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا کرد.

شایانی باسە کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم هەموو ساڵێک ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی نەورۆزانە لە "هیستوریسکە موسییەت"، واتە "مۆزەی مێژوو" پێکدەهێنێ و میوانداری لە حیزبە سویدی و کودییەکان و هەروەها کەسایەتییە ناودارەکان دەکات.

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە وڵاتی سوید، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و باسێکی کورتی لەسەر نەورۆز و مێژووەکەی پێشکەش کرد.

شایانی باسە لە درێژەی بەرنامەکەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەلایەن هاوڕێیانی حکوومەتی هەرێم و هەروەها کەسایەتییەکان و بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە بە گشتی پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

بەشێکی تری ئەو ڕێوڕەسمە نەورۆزییە بریتی بوو لە مۆسیقا و هەڵپەرکێی ڕەسەنی کوردی و دواتر دیدار و ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە لە گەڵ کەسایەتییە ناودارەکانی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بەشکۆیە.

شایانی باسە بەشێکی زۆر لە بەشداربووان ، بە هۆی جۆش و خرۆش و هەستی بەرزی نەتەوەییان لە پێشوازی لە نەورۆز و بەرزڕاگرتنی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا پیرۆزباییان لە حیزب و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد.