
شاندی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کە لە پەنجا و هەشتەمین دانیشتنی ساڵانەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ بەشدارە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دانیشتنەکەدا وتارێکی سەبارەت بە دەسبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکانی هاووڵاتییانی کورد، بەتایبەتی لە ماوەی ڕۆژانی نەورۆزدا کردووە.
شنە ڕەزابی، ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە ناردنی گرتە ڤیدیۆیەکی تایبەت بۆ ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاندووە کە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی هەینی ١ی خاکەلێوە، وتارێکیان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی هاووڵاتییانی کورد و تەقەکردنی سەرەڕۆیانە بەرەوڕووی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی خاکیپۆشاندا، پێشکەش کردووە.
ڕەزابی باس لەوە دەکات کە ئەم ڕێکخراوە لە وتارەکەیدا سەرنجی شۆرای بۆ بابەتی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییانی کورد، چالاکوانانی مەدەنی، بنەماڵەی قوربانییانی بزووتنەوەی ژینا و هاووڵاتییانی بەشداربوو لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، ڕاکێشاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە بۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی و جامانە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون کە دوو منداڵیش لە نیو دەسبەسەرکراوەکاندان.
شنە ڕەزابی زیادی کردووە کە بابەتی تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە خەڵکی شاری شنۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا لەلایەن ئەم ڕێکخراوەیە و لە وتارەکەدا باس کراوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە بەشیکی دیکەی وتارەکەیاندا بۆ شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لە ئەنجومەنەکە کردووە تاکوو بۆ کۆتاییهێنان بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و ئازادکردنی دەسبەجێی بەندکراوانی کورد بەتایبەتی ژینا مودەڕس گورجی، باران سەعیدی و لەیلا پاشایی، گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.