
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە (١٨ی مارسی ٢٠٢٥)، هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی "حەمید تەیمووری"، و هاوڕێیەتی بەڕێزان سەید "عەزیز سەیدنژادیان" و "ملووک مرادی" بە مەبەستی دیدار لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سۆسیال دێموکراتەکان بەڕێز "سانا ئێلیاسوون"، سەردانی بنکەی سەرەکیی سۆسیال دێموکراتەکانیان لە نزیک پارلەمان کرد.
لەم چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێک خاڵ لەبارەی هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی و هەروەها کۆمەڵگای سوید باس کران وەک؛
- گرتنی نەورۆز بە هێمای کوردەواری وەک جلی خاکی و جامانە و تەنانەت ئاڵای کوردستان و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە خەڵکی کورد؛
- گرتن و کوشتنی کۆڵبەران؛
- سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشانی عەزیزی و وریشە مورادی؛
- بێسەروشوێنکردنی چوار ژنی چالاکی شاری سنە و هەڵکشانی گرتنەکان بۆ نموونە تەنیا لە مانگی فێورییەدا ٤٧ کورد بە هۆکاری جۆراوجۆر گیراون.
خاڵێکی تری دیدارەکە لەسەر دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن "خاتوو مای ساتۆ"کە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئێعدامەکان لە ئێران کردووە، بوو. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ناوبراو لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تاکوو ٢٠٢٣دا، ٤٧ لەسەدی ئێعدامەکان لە ئێران کورد بوون.
هەروەها باسی دانپێدانانەکانی "موحسین ڕفیقدوست" کرا کە سەردەمانێک بەرپرسی دەزگای موستەزعفان بووە و دواترهەمەکارەی سپای پاسداران، کە لە ڤیدیۆیەکدا باسی تێرۆرەکان لە دەرەوەی وڵات دەکا کە هەمووی بەدەستی ئەوان و پارەیان بە گرووپێکی باسک لە سپانیا داوە و تێرورەکانیان جێبەجێ کردوون.
وێڕای ئەوانەش باسێکی گشتییان لەسەر سوید کرد، کە ئێران دەستی لەگەڵ باندە تاوانکارییەکان تێکەڵ کردووە و هاوکارییان دەکات. بەپێی بەدواداچوونەکانی پۆلیسی ئاسایشی سوید، وەک تەقەکردن لە شیرکەتی چەکسازیی ئیسرائیل لە شاری یۆتۆبۆری و گرتنی کۆمەڵێک سیخوڕ لە سوید و دەرکردنی ئاخوندێکی سەر بە ڕێژیم کە لە مزگەوتێکی دەوروبەری شاری ستوکهۆڵم خەریکی سیخوڕیکردن بۆ ئێران بووە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا کورتەی هەواڵەکانی کوردستان و ئێران بە گشتی وەک نامیلکەیەک لەگەڵ وتارێک لەسەر "ئۆڵۆف پاڵمە"، سەرۆکوەزیری پێشووتری سوید، بە بۆنەی ساڵیادی تێرۆرکرانی و نامەیەکی ئێعترازی لەسەر "روزبە پارسی" کە لە وەزارەتی دەرەوەی سوید دامەزراوە و لۆبیگەری بۆ ڕێژیمی ئاخوندی دەکا، پێشکەشی ئێلیاسوون کرا.