
ئێوارەی ڕۆژی هەینی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤(٢١ی مارسی ٢٠٢٥) هاوكات لەگەڵ یەكەمین ڕۆژی ساڵی نوێی كوردی، بە دەستپێشخەریی فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە وڵاتی سوید، كوردستانییانی نیشتەجێی شاری ستۆكهۆڵمی پێتەختی ئەو وڵاتە، جێژنی نەورۆزیان پیرۆز كرد. وێڕای ڕێژەیەک لە كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستانی نیشتەجێی ئەو شارە، ژمارەیەک لە سویدییەكان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانیش بەشدار بوون.
جێژنەكە بە سروودی نەتەوەیی ”ئەی ڕەقیب” دەستی پێ كرد و دواتر ئاگری نەورۆز هەڵ كرا.
لە درێژەدا چەندین پەیام پێشكەش كران كە لە نێویاندا بڕگەیەک لە پەیامی نەورۆزیی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران بە نیشانەی هاوسۆزی و هاوپشتیوانی لەگەڵ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆزی خاكیپۆشان، لەلایەن هاوڕێ قادر مێهفەر بەرپرسی كۆمیتەی ستۆكهۆڵمی حیزبەوە خوێندرایەوە.
لە درێژەی جێژنەكەدا بەشداران بە شایی و هەڵپەڕكێی كوردی یەكڕیز و یەكگرتوو لە دەوری یەكتر تا درەنگانی شەو ئاهەنگیان گێڕا.
شایەنی باسە كە بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموكرات لەو شارە بە جلوبەرگی خاكی و جامانە و هەورییەوە بەشدار بوون و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵكی خەباتكاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەربڕی.