
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە بۆنەی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵی کوردی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی فینکورد و کۆمەڵەی وێژە و هونەر لە شاری تورکو ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردەکانی فینلاند و کوردانی دانیشتووی شاری تورکو، سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێز سەیدئەحمەد حوسەینی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە فینلاند، خوێندرایەوە.
لە پەیامی کۆمیتەی ناوەندیدا، وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ئاماژە بەوە کرابوو کە "سەرەڕای زەبروزەنگی زۆری کۆماری ئیسلامی و کۆی قەیرانە نێوخۆییەکان، بەڵام خەڵکی کوردستان، ئاڵای خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەی کوردیان لە ئێراندا بەرز ڕاگرتووە".
لە بەشێکی دیکە لە پەیامی کۆمیتەی ناوەندیدا، ئاماژە بە ناودێرکردنی ئەم نەورۆزە بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" کرابوو کە خەڵکی خەباتکاری کوردستان، بە کەڵکوەرگرتن لە دروشم و هێما و جلوبەرگی تایبەت، بە ڕوونی خواستی شوناسخوازانەی خۆیان هێناوەتە گۆڕێ و بە بێ گوێدان بە هەڕەشە و بەربەستەکانی دەسەڵات، خەباتەکەیان بە جەماوەری کردووە. لە درێژەی پەیامەکەدا هاتبوو: "لە وەها قۆناغێکدا کە خەڵک لە کوردستان بە شكڵ و ڕەفتاری جۆراوجۆر تەعبیر لە مانایی و زیندووبوونی خۆی وەک نەتەوەیەک و پرسە ڕەواکەی دەکات، دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەوپەڕی زەبوونی و داماویدایە."
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسایەتی، ئامادەیی خۆی بۆ درێژەی خەبات بە مەبەستی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نیشان داوە و ڕایدەگەیەنێ کە: "بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر وەک هەمیشە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێتەوە و خۆی بە ئەرکدار دەزانێ."
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، شەهێن زادئەحمەد، پەیامی ڕێکخراوی فینکوردی پێشکەش کرد و بەم بۆنەوە پیرۆزبایی نەورۆزی خاکیپۆشان و ساڵی نوێی کوردیی لە بەشداران، کوردانی دانیشتووی فینلاند و هەموو نەتەوەی کورد کرد.
لە بەشەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، هەر یەکە لە میکا ماسکۆڵا سەرۆکی شۆرای شاری تورکو،، پییا ئێڵۆ جێگری شارەوانیی شاری تورکو و ماری ڵاهتی وتەبێژی حیزبی سۆسیال دێموکراتەکان لە تورکو ئامادە بوون و چەن وتەیەکیان پێشکەش کرد و بە بۆنەی ساڵی نوێی کوردی و نەورۆزەوە، پیرۆزباییان لە بەشداران، کۆمەڵگای کوردی لە فینلاند و نەتەوەی کورد کرد.
پاشان، بەڕێز سەید خدر میرسەیدی، بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی کۆمەڵەی وێژە و هونەر بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد و نەورۆزی خاکیپۆشان و ساڵی نوێی کوردیی لە نەتەوەی کورد پیرۆز کرد.
شایانی باسە هەر یەکە لە نوێنەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە فینلاند، بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵ و شیرینی، بەشدارییان کردبوو و نەورۆزی خاکیپۆشانیان پیرۆز کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، گرووپێکی مەشخەڵ بەدەست لە ژنان، پیاوان، کچان و کوڕانی چوارپارچەی کوردستان، گەیشتنە ناو ئاپۆڕای بەشداران و ئاگری نەورۆزی ساڵی ٢٧٢٥ی کوردییان داگیرساند.
کۆتایی ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی لە شاری تورکو، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی ڕازابۆوە.