
دوابەدوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی نەورۆزی بە بەشداریی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە خەڵکی کورد لە شاری ورمێ و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی تورکیش بەڕێوە چوو، کەمینەی پانتورکیستەکان بە دنەدان و هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی کوردان، گۆپاڵ بەدەست خۆپێشاندانێکی توندیان بە دروشمی ناتەبا و دژ بە ڕوحی ژیانی ئاشتییانەی پێکەوەیی بەڕێوەبرد. ئەوان تەنانەت بەمەبەستی کەڵکاژۆوەرگرتن لە هەستی مەزهەبیی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ڕق و قینی زیاتر دژ بە خەڵکی کورد لە بانگەوازێکی چەند ڕۆژ پێشتریاندا، ڕۆژی ٢١ی ڕەمەزانیان بەتایبەتی هەڵبژاردبوو کە هاوکاتە لەگەڵ شەهیدبوونی ئیمامی عەلی. بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت خەڵکیان لە شارەکانی دیکەوە بە ئوتوبووس هێنابووە ورمێ.
بێگومان ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ناشارستانییانەی پانتورکیستەکان پیلانگێڕییەکی ڕێک خراوە و جگە لە ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی سازکردن لەنێوان هاونیشتمانییانی کورد و تورکی ئەو پارێزگایە کە پێشتریش ئەزموونی تاڵیان لەو بوارەدا هەبووە، هیچ قازانجێکی لێ ناکەوێتەوە و زەرەرمەندی سەرەکی تەنیا دوو گەلی کورد و تورکی ئەم پارێزگایەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە هاوبەشەی پانتورکیستەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، داوا لە ڕووناکبیران، کەسایەتییەکان، و کۆمەڵگەی مەدەنیی تورکان دەکا هەڵوێستی شیاوی پێکەوەژیان و شارستانییانەیان هەبێ و ڕێگە نەدەن ئەو جۆرە جموجۆڵانە کێشە و ناکۆکی بخەنە نێوان هەر دوو گەلی تورک و کورد.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو باوەڕەدایە، لەم سەردەمەدا کۆمەڵگەی کورد و تورک زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، ئەم دوو گەلە کە سەدان ساڵە پێکەوە لەم نیشتمانە دەژین و تەنانەت تێکەڵاوییەکی زۆری کۆمەڵایەتی و خزمایەتیشیان لە نێواندا هەیە، مافی خۆیانە و پێویستیشە کە زیاتر پەرە بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی خۆیان بدەن.
داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ژیر و وشیاری هەردوو گەلی کورد و تورک و کەسایەتییەکان، ڕووناکبیران و مامۆستایانی ئایینی ئەو پارێزگایە دەکەین پێش بە هەرچەشنە هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی لەم چەشنە بگرن و ئەوەی لە دەستیان دێ بۆ ڕوونکردنەوەی خەڵکی خۆیان و ئاشکراکردنی دەستی ناحەزان، درێغی نەکەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤