
کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژیكدا لەگەڵ تلویزیۆنی "کلمە" باسی لە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پێوەندیدار بە نەتەوەی کورد کرد.
کاک خالید لە بەشێک لەم وتووێژەدا سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حیزبی دێموکرات بە تەجزیەتەڵەبی ڕایگەیاند: من باوەڕم وایە کە بەرنامە و پێڕەوی حیزبی دێموکرات و بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی ئەم حیزبە هەر لە سەردەمی پێشەوا قازی محەممەدەوە بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە ئێمە هەوڵمان چارەسەرکردنی پرسی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندایە کە ئەمە لە کۆنگرەکانی حیزب و بەتایبەت لە دوایین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
بەڕێز عەزیزی لە درێژەدا وتی: هەموو ئەوانەی کە لە ئێراندا بۆ جێگیریکردنی دێموکراسی و ئازادی خەبات دەکەن، دەزانن بەرنامەی حیزبی دێموکرات چییە، بەڵام بە هۆی نەبوونی دێموکراسی لە ئێران و دژایەتیی ڕێژیم لەگەڵ خەباتی خەڵکی کوردستان هەوڵ دەدات ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەک خۆی نیشان نەدات.
کاک خالید هەروەها وتی: بەرنامە و پێڕەوی حیزب و سیاسەتی ئەم حیزبە ڕوون و ئاشکرایە و لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵمان داوە لەگەڵ خەڵکانی ئێران و حیزب و لایەنەکان کە باوەڕیان بە جێگیرکردنی دێموکراسی هەیە پێوەندییەکی باشمان هەبێت.
کاک خالید لە بەشێکی دیکەدا، باسی لە هێڵە گشتییەکانی حیزب کرد و ڕایگەیاند هەموو ئەو ڕەوتانەی کە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن، جیا لەوەی کە سیاسەتیان چی بێ، ئەگەر باوەڕیان بە جێگیرکردنی دێموکراسی، ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافی نەتەوە جیاوازەکان هەبێت و باوەڕیان وایە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ نەمێنێ و ئێران دەبێ وا ئیدارە بکرێ کە ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەیە، هەموو ئەم ڕەوتانە مادام دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن دەتوانن بەردەنگی ئێمە بن.
کاک خالید سەبارەت بە پێوەندیی حیزب لەگەڵ یەکیەتی ئورووپا و ئەمریکا ڕایگەیاند:
ئەمە ڕوونە دوکتور قاسملووی نەمر سەردەمێک لە ئورووپا بوو و لەوێ خوێندنی تەواو کرد و بایەخەکانی دێموکراسیی ئورووپایی لە حیزبدا جێگیر کرد. پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا ئیدەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوکتور قاسملوو.
ئێمە باوەڕمان وایە کە بزووتنەوەی کوردستان ئەو کاتەی دژی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەبوو و کۆماری ئیسلامی هێرشی کردبووە سەر کوردستان، دۆستانێک بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستان و کۆمەڵگەی دێموکراتیک لە ئێران بدۆزینەوە، ئەمەش پێوەندیی ئێمە لە ئورووپا پێوەندی لەگەڵ ئەحزابێک بوو کە باوەڕیان بەم پرەنسیپە هەبێت. هەر لە دریژەی ئەم سیاسەتەدا حیزب هەوڵی داوە لەگەڵ حیزبەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێوەندی هەبێ بەتایبەت ئەحزابی سۆسیال دێموکرات لە ئینتەرناسیۆناڵ سۆسیالیست، لەگەڵ ئەمریکاش هەوڵمان داوە نوێنەرانی پارلەمان، سێناتۆر یان ئەو کەسانەی لە پێوەندی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کاریان کردووە یان تینک تانکەکان، سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێران، نیزامی کۆماری ئیسلامی مافی کورد زانیارییان پێ بدەین.
لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا بەڕێز عەزیزی بە سەرنجدان بە نامەکەی ترامپ ۆ بۆ هەڵسەنگاندی دۆخی ئێران دوای هاتنەسەرکاری ترامپ وتی: ئەمە بەشێک لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە کە وڵاتان لە ڕوانگەی ئەمنییەتی و بازرگانییەوە ڕەچاوی یەکتر بکەن، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، کۆماریخواز و دێموکراتەکان لە ئەمریکا کە هاتنە سەر کار سیاسەتییان ئەوە بووە کە ئامانجیان گۆڕینی ڕێژیم نییە بەڵکوو گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامییە. ئەگەر سەرنجی دروشمی ترامپ بدەین ئەوان لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا دوو شتیان دەوێ، یەکەم: کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل کەڵک لە گرووپە نیابەتییەکان وەرنەگرێ، و لەم پێوەندییەدا سامانەی مووشەکیی ئێران کەڵکی لێ وەرنەگیرێ و دوایەش بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمە کە هەڕەشەیە بۆ ناوچەکە و بەتایبەت دژی ئیسرائیل، پێم وایە کە سیاسەتی ئەمریکا زیاتر ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێک بکات، ئەگەر بڕیار بێ ئێران بیر لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، من پێم وابێ ئەمریکا ئەم پۆتانسییەلەی هەیە.
کاک خالید لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەوترێت، بوودجەی حیزبی دێموکرات لە ئیسرائیل وەردەگیردرێ و لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتوانیی لێ ئەکرێ ڕایگەیاند: ئەمە بە هیچ شێوە ڕاست نییە، پشتیوانی حیزبی دێموکرات هەمیشە خەڵکی کوردستان بووە، سیاسەتی حیزب قەت ئەوە نەبووە کە لەسەر بنەمای ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دابڕێژرێ. لە ژیانی سیاسیی حیزبدا خەڵکی کوردستان پشتیوانییان لەم حیزبە کردووە، کۆماری ئیسلامی مەقەڕ و ڕێبەریی حیزبی کردە ئاماجی مووشەک، بەڵام ئێمە مووشەکمان نەبوو بەڵکوو ئەوە خەڵک بوون لە نێوخۆ بەرانبەر بە ڕێژیم وەستانەوە. حیزبی دێموکرات نە لەگەڵ ئیسرائیل و نە لەگەڵ گەلی یەهوود و نە لەگەڵ هیچ وڵاتیک دوژمانەیەتی نییە و پێوەندییەکانی ئێمە لەگەل ئیسرائیل بەو شێوازەی کە کۆماری ئیسلامی لێی دەڕوانێ نییە. ئەمانە سێناریۆی کۆماری ئیسلامین.
کاک خالید لە کۆتاییدا سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕایگەیاند: پرسی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان جیاوازن. ئەوەی کە پێوەندیی بە ئێرانەوە هەیە پێشەوا قازی هەوڵی دا بە وتووێژ کیشەکە چارەسەر بکات کە ڕێژیمی پەهلەوی بە لەسێدارەدانی قازی محەممەد وڵامی دایەوە، دوای شۆڕش دیسانەوە دوکتور قاسملوو هەوڵی دا کیشەکە بە وتووێژ چارەسەر بکات کە وڵامی خومەینی ڕاگەیاندنی جیهاد بوو و دواتریش دوکتر قامسلوویان لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد.
پرسی کورد لە ئێران دەرفەتە، کورد کاریگەرە لە سیاسەتی ناوچەکە و دەتوانن لە داهاتووی ئێراندا کاریگەر بن، ئەو کاتە تێپەڕیوە کە نکۆڵی لە بوونی کورد بکرێت.