
ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری "ڕۆسکیلدە"ی نزیک ناوچەی شیلەندی وڵاتی دانمارک جێژنی نەورۆزی خاکیپۆشان لەلایەن کۆمیتە ناوچەی شیلەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیان پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و لەلایەن “ئەحمەد ڕەحمانی" ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە دانمارک و بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتە ناوچەی شیلەند بەخێرهاتنی ئامادەبووان و بەشدارانی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی کرا.
لە برگەی دواتردا پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خەبات و تێکۆشان لەلایەن کاک "بێستوون محەممەدزادە"ەوە پێشکەش کرا.
دواتر پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە وڵاتی دانمارک لەلایەن کاک "عەدنان ئاغا جان"ەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەی تایبەتی ئەم ڕێوڕەسمەدا، ئاگری نەورۆز بە مەبەستی پشتگیری لە خاکیپۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزڕاگرتنی ئەم سەمبۆلە نەتەوەییە دێرینە، لەلایەن چەندین هاوڕێی حیزبی و بەشدارانی ئەم جەژن هەڵ کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا سپاسنامەی کۆمیتە ناوچەی شیلەند لە ڕاستای بەشداریی بەشدارانی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەلایەن کاک "مەسعود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شیلەندەوە پێشکەش کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕین و گۆڤەند و دیلانی بەشداران کوتایی پێ هات.