
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی خاكەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی ڕێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی ٢٧٢٥ی کوردی بە بەشداریی بەرچاوی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە شاری ئالبۆرگ بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كورد و کوردستان لەلایەن خاتوو ئافاق یووسفییەوە دەستی پێ کرد.
پاشان لەلایەن كاک بارزان بەرپرسی "ڕێكخراوی ماڵی كورد"ەوە پیرۆزبایی نەورۆز و بەخێرهاتنی بەشداربووان كرا .
لە بڕگەیەكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا پەیامی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە NKS، ڕێکخراوی ماڵی کورد لە ئاڵبۆرگ، یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات، لەلایەن کاک عەبدوڵڵا مەحموودیان، بەرپرسی بەشی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دانمارک، پێشکەش کرا.
لە بەشێكی ئەو پەیامەدا ئاماژە بە گرینگیی ڕۆژی نەورۆز بۆ نەتەوەی كورد و ئەوە کرابوو كە نەورۆز نە تەنیا هێمای نوێبوونەوەی سرووشتە بەڵكوو لە مێژوودا وەک هێمایەک لە خۆڕاگری و ڕاپەڕینی دژ بە ستەم و داگیركاری ، و سەركەوتنی ڕۆژ و ڕۆشنایی بە سەر تاریكی و ناخۆشیدا بووەو.
لە پەیامەكەدا باس لە چۆنییەتیی ناودێرکردنی نەورۆزی ئەمساڵ بە نەورۆزی خاكیپۆشان کرابوو.
دواتر خاتوو ڕۆزا سولەیمان، ئەندامی شارەوانی لە حیزبی سۆسیال دێموكراتی دانمارک و لە كوردانی ئێزەدیی ڕۆژاوا پەیامێكی بە دوو زمانی دانماركی و كوردی لەسەر نەورۆزی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
لە بڕگەی تایبەتی ئەم ڕێوڕەسمەدا، ئاگری نەورۆز بە مەبەستی پشتگیری لە خاکیپۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزڕاگرتنی ئەم سەمبۆلە نەتەوەییە دێرینە، لەلایەن لاوان و كوردانی مەشخەڵ بە دەستەوە هەڵ کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی چەند سروود و گۆرانیی تایبەتی نەورۆزی لەلایەن كیژۆڵەیەكی خەڵكی ڕۆژاوا پێلا كۆبانی ڕازێندرایەوە و بە هەڵپەڕکێ و شایی کۆتایی پێ هات.