کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی خاکیپۆشان لە ناوچەی میت یوولەند لە وڵاتی دانمارک

11:40 - 4 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری "هۆرسێنس"ی دانمارک جێژنی نەورۆزی خاکیپۆشان لەلایەن کۆمیتە ناوچەی میت یوولەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن خاتوو "شەبنەم مامەند" ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە دانمارک و بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتە ناوچەی میت یوولەند بەخێرهاتنی ئامادەبووان و بەشدارانی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی کرا.

لە برگەی دواتردا پەیامی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە دانمارک بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خەبات و تێکۆشان لەلایەن کاک "سلێمان کەریمی" ئەندامی کۆمیتە ناوچەی میت یوولەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

 دواتر بەڕێز پیراتیپ، ئەندامی شارەوانی هۆرسێنس لە حیزبی سۆسیال دێموكراتی دانمارک بە زمانی دانماركی، پەیامێکی لەسەر نەورۆز پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

 لە بڕگەی تایبەتیی ئەم ڕێوڕەسمەدا، ئاگری نەورۆز بە مەبەستی پشتگیری لە خاکیپۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزڕاگرتنی ئەم سەمبۆلە نەتەوەییە دێرینە، لەلایەن خاتوو پەروین چۆلی، ئەندامی دێرینی حیزب و سریوە شەهابی و دیوە ڕەزاییەوە بە هاوڕێیەتی بەشدارانی ڕێوڕەسم، هەڵ کرا.

 رێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕین و گۆڤەند و دیلانی بەشداران کوتایی پێ هات.