
بۆچی "قاسملوو قاسملوو ڕێگەت درێژەت هەیە"؟
ئەلبورز ڕوویینتەن
هەروەک پێشبینی دەکرا بۆنە نەورۆزییەکان بە جۆش و خرۆش بەڕێوە دەچێت، تەنانەت لە ئاستێکی زۆر بەرفراوان و لە سەرتاسەری کوردستاندا یەکڕەنگ بەڕێوە دەچێت، بە جورێک جارێکی دیکە ئەوە سەلمێنرا کە کوردستان وەک یەکەیەکی جیاواز خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و لە هەر دەرفەتێک کەلک وەردەگرێ بۆ ئەوەێ ئازادیخوازی خۆی نیشان بدات، پەرەی پێ بدات و زیاتر بیکاتە خەباتێکی جەماوەری کە ویستی بێ ئەملا و ئەولای بزاڤی سیاسیی کوردستانیشە.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا بۆ ئەوەی پێشی پێ بگرێ، ترسی کاردانەوەی زیاتری خەڵک و هەروەها گەورەرتربوونی لەوەی کە هەیە وای کرد بە دوای فێڵێکی دیکەدا بێ بۆ پێشگرتن بە نەورۆزی خاکیپۆشان، هەر وەک حکوومەتە هەمیشەییەکانی ناوەندی ئێران کە لە فێڵ و فریو کەس لە دوویان ناکا، ویستیان خۆیان نەورۆز بەڕێوە ببەن، خۆیان ئاڵترناتیوی نەورۆز دروست بکەن، و خۆیان ببنە خاوەنی نەورۆز، بەس بە ڕەنگی کۆماری ئیسلامی! بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت ویستیان کەلک لە گۆرانیبێژ و هونەرمەندی کوردیش وەرگرن.
بێگومان هەر وەک چاوەڕوان دەکرا خەڵک بە وشیاریەوە دژی ئەو شەڕە نەرمە وەستانەوە و نەورۆزی خۆیان کە مۆرکی نەتەوەی کوردایەتی بەسەرەوەیە لە نەورۆزی دیکتاتوری داگیرکەر جودا بکەنەوە، هەر بۆیەش لە نەورۆزی خاکیپۆشانی کوردستان هەر زوو تەنیا بە دانی دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە" بە تەوای ڕیسەکەی ڕێژیمیان کردە خوری و مۆرکی نەتەوەیی و سیاسیی خۆیان لە نەورۆزی خاکیپۆشان دا کە ئیلهامی لە سەمبولی پێشمەرگە و بزاڤی سیاسیی کوردستان وەرگرتوە.
"قاسملوو" ئەو ڕێبەرە زانا و لێهاتوویەی کوردە کە ڕێژیمی دیکتاتور سیوشەش ساڵ پێش ئێستا لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆری کرد بۆ ئەوەی گورزێکی گران لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات و خەباتی ئازادیخوازی کورد بدات. بەڵام ئێستا دوای سیوشەش ساڵ لە گۆڕەپانەکان و شەقام و کۆبونەوەکان، گەلی کورد لە شوێنی جیا جیای کوردستان بە بەرزکردنەوەی ئەو دروشمە توانیویەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی نەرمدا بێوێنەیە شکست بدات. بەڵام بۆچی "قاسملوو قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە؟
چونکە ئەو ڕێبەرە هەموو ژیانی بۆ ئازادیی گەل و نیشتمانەکەی تەرخان کرد و بۆ ساتێکیش لە خەبات نەوەستا و نەک هەر شاخ و دۆڵ و ئەشکەوتی کوردستان بەڵکوو هەموو دەرفەت و شوێنیکی لە دنیادا کرد بە سەنگەری خەبات بۆ کورد. چونکە ئەو لە خەباتەکەیدا ئیلهامی لە پێشەوای نەمر قازی محەمەد و هەموو شۆڕشەکانی پێش خۆی وەرگرتبوو و ئاوێتەی بە زانست و زانین سەردەمی کردبوو، بۆ ئەوەی تێزێکی پێشکەوتوو بۆ ڕۆژی خۆی و تەنانەت دواڕۆژی کورد دابهێنێ. چونکە ئەو لە هەر دێڕی زانستی سەردەمدا بە دوای ئەو وشەیە دەگەڕا کە خزمەت بە کوردستان و کورد بکات و ئەو بوو کە وەبیری هێناینەوە کە نابێ ببین بە کوێلەی ئایدۆلۆژییەکان بەڵکوو پێویستە ئایدۆلۆژییەکان بکەینە پەیژە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خەباتی نەتەوەی و ئازادی کە لە سەرووی هەموو شتێکە، چونکە ئەو بە ژیان و کردەوە و خەباتی کاری دەکرد بۆ ئەوەی بسەلمێنێ کە بە مردنی ئەو کورد نامرێ، هەر وەک لە سەر کێلی قەبرەکەی نوسراوە، "ئەمن کە مردم کورد نامرێ".
بەڵێ کورد نەمردوە بۆ ئەوەی بڵێت ئازادی دەوێ و خەبات دەکا بۆ گەلەکەی دەڵێ "قاسملوو، قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە".