
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (٢٢ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی)، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئۆرێبروو بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە، ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، پێک هێنا. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە هاتنەژوورەوەی چەند ژن و پیاوێکی مەشخەڵ بەدەست کرایەوە.
پاشان ئارەزوو حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی ئۆرێبروو و بەڕێوەبەری بەرنامە، بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد. پاشان یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ڕاگەیەندرا.
بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، کاک کەریم بابەکری، لە ئۆرێبردوو بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و هیوای خواست شەوێکی خۆشیان هەبێت.
پاشان پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆز لەلایان جەماڵ بایزیدییەوە خوێندرایەوە.
نوێنەری حیزبی مۆدێراتەکان لە ئۆرێبروو خاتوو "مۆنیکا تیرەخۆ" حیزبی ڕاستی دەسەڵاتدار لە سوید، چەند وتەیەکی لەو بارەوە پێشکەش کرد. ناوبراو وتی: ئەوە دەزانم و بڕێکم لە بارەیەوە خوێندووەتەوە کە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس نەورۆز جێژن دەگرن. زۆریش خۆشحاڵم کە بۆ یەکەمجارە لە بۆنەیەکی ئاوادا بەشداری دەکەم و زۆریش سپاسی ئێوە دەکەم کە ئێمەتان بانگهێشتی ئەو ڕێوڕەسمە کردووە.
دواتر نۆرە گەیشتە نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتەکان خاتوو "کارینا ئۆسکارشۆن". ئەویش بە زمانی کوردی پیرۆزبایی جێژنی نەورۆزی لە بەشداران کرد و وێڕای پێخۆشبوونی خۆی بۆ بانگرانی بۆ ئەو ڕێوڕەسمە هیوای خواست کە خەڵکی کورد لە هەموو شوێنێک بتوانن بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن. ناوبراو لە قسەکانیدا وتی کە تا ئێستا دوو جار سەردانی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستانی کردووە و تا ڕادەیەک ئاگاداری بارودۆخی کوردستانە.
شاندێکی پارتی دێموکراتی کوردستان، لێژنەی ناوچەی ئۆرێبروو، بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون و برووسکەیەکی پیرۆزباییشیان بۆ بۆنەکە ناردبوو، کە لەلایان بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەوە سپاسیان کرا.
بەشی دووهەمی ئەو بۆنەیە بۆ بەشی هونەری و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران تەرخان کرابوو کە چەند کاتژمێرێکی خایاند.