
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥) کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ پشتگیری لە نەورۆزی خاکیپۆشان بەڕێوە برد.
لەم پێوەندییەدا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس بە پۆشینی بەرگی پیرۆزی خاکی کە سیمبۆلی پێشمەرگەی کوردستانە لەم ڕۆژەدا لە شارۆچکەی برۆگ بە هەڵکردنی ئاوری نەورۆز ئەم ڕۆژە مەزنەیان بەرز ڕاگرت.
ڕێوڕەسمی نەورۆزی خاکیپۆشان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە عوسمان یاری بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لەلایەن فەرەیدوون حوسێنی ئەندامی کۆمیتەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
پاشان بە سروودی ئەمساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە، ئاگری نەورۆز بە دەستی کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین و بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات خاتوو چیمەن بارام میرزا و میوانان هەڵ کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.