
ڕۆژی یەکشەممە١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە شاری ئاڵبۆرگ بە سەرپەرەستیی عەبدوڵڵا مەحموودیان، بەرپرسی تەشکیلاتی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک بە هاوڕێیەتی خاتوو ئافاق یووسفی بەرپرسی کۆمیتە ناوچە، ئاکۆ کوردە بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتە ناوچە لە شاری ئاڵبۆرگ سەردانی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە پدک-س یان کرد کە لەلایەن ئەبوو کەماڵ بەرپرسی گشتیی کۆمیتەکانی ئێسکاندیناوی و کاک سعوود بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی پدک-س بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
سەرەتا لەلایەن ئەبوو کەماڵ باسێکی گشتی لە سەر دۆخی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و دەرفەت و مەترسییەکانی سەر کورد بە گشتی لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرا. پاشان لەلایەن عەبدوڵڵا مەحموودیان ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە سەر مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درا. هەر لەو پێوەندییەدا سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان لە بەشەکانی تری کوردستان خرایە ڕوو. لە کۆتاییدا بڕیار درا کە ئەم دیدارانە بەردەوام بن هەروەها پلان بۆ بەڕێوەچوونی جێژی نەورۆز و کۆمەڵێک کاری تری هاوبەش داندرا.