
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک بە هاوکاریی دوو پارتی ڕۆژئاوای کوردستان، پارتی یەکیتی دێموکراتی کورد لە سووریا و پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بەڕێوە برد.
دەسپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. دواتر پەیامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز "بێهرۆز دەڵی" پێشکەشی ئامادەبووان کرا .
دواتر لەلایەن بەڕێز "حەبیب ئیبراهیم" لە پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد (الوحدە) چەند وتەیەک لە بابەت ڕەوشی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و دەسکەوتەکانی کورد لەو پارچەی کوردستان پێشکەش کرا .
دواتر پەیامی هەر سێ پارتی بەشداربووی ڕێوڕەسمەکە لەلایەن بەڕێز "دارا ناتق"ەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی تردا لەوحێکی ڕێزلێنان کە لەلایەن بەشی وەرزشی ناوەندی پەروەرەی حیزبی دێموکراتەوە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی وەرزشوانی نەتەوەیی بەڕێز "فەرشاد گردەکانە" ئامادە کرابوو لەلایەن بەڕێز مامۆستا بەها ئیبراهیمیەوە پێشکەشی ناوبراو کرا و لەلایەن بەشداربووانەوە پێشوازییەکی بەرچاو لەو ڕێزلێنانە کرا .
شایانی باسە کە چەندین چالاکی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن ئەندامانی حیزب و خاکیپۆشانی بەشداربوو لە ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.