کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری بە بۆنەی بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی نەورۆزی خاکیپۆشان

12:48 - 6 خاکەلێوه 2725

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی نەورۆزی خاکیپۆشان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کوردستانییانی هێژا !

کچان و کوڕانی بەهەست و کۆمەڵگەی خەباتگێڕی کوردستان !

ئێوەی ئازادیخواز، لە ماکۆوە هەتا ناوچەکانی باشووری زاگرۆس، بە پشتیوانیتان لە بانگەوازی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە نەورۆزی خاکیپۆشان؛ بە بەڕێوەبردنی چالاکانە و بەربڵاوی ڕێوڕەسمەکانی جێژنی سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری، هاوخەباتیییەکی بێ‌وێنەتان لە خۆتان نواند.

سەرەڕای کەشی سەرکوت و بەربەستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەم کردەوە جەماوەرییەتان، پێگەیشتوویی سیاسی و وشیاری نەتەوەیی خۆتان سەلماندەوە و جارێکی دیکەش نیشانتان دا کە پێداگری و ئیرادەی یەکگرتووی نەتەوەی کورد لەپێناو ناسنامە و مافە نەتەوەییەکانی خۆی، سەرمایەیەکی گەورە و هێزێکی لەشکاننەهاتووە بەرانبەر بە دەسەڵاتی خۆسەپێن.

ئێمەش بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانینە خۆڕاگری و هاوخەباتیتان؛ ژیانتان تەژی لە خۆشی و شادی بێت و یەکڕیزیتان هەر وا بەردەوام.

 

مستەفا هیجری

 سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی

٢٦ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی