
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی یەکشەممە، ۳ی خاکەلێوەی ۱٤۰٤ی هەتاوی، دوکتور بێهزاد دافعی، نووسەر و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها برایەکی ناوبراو بەناوی "کاروان دافعی" بە هەمان هۆکار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس یان تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان، دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بانگکردن و لێپرسینەوە و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو ڕێوڕەسمانە دەدەن.
بە پێی ئەو ئامار و زانیارییانەی کە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاویان کردووەتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و لانیکەم زیاتر لە ٤٠ کەس کە ٦ کەسیان منداڵن، دەسبەسەر کراون.
ئەم دەسبەسەرکردنانە لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، سەردەشت، سەقز، مەریوان، سنە، پیرانشار، و کرماشان بووە.