کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەسەر بانگهێشتی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

12:41 - 7 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی سێشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٥)، بەڕێوەبەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە یادی سەری ساڵی تازەی کوردی و نەورۆزی کوردەواری بانگهێشتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

تیمێک لە کۆمیتەی بریتانیا بە بەشداری جێگری تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، بەرپرسی کۆمیتە، بەرپرسی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە بریتانیا و چەندین ئەندامی دیکەی ڕاوێژکار و چالاکی حیزبی، بەشداری بۆنەکە بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە وتەکانی بەڕێز کاروان جەماڵ تاهیر بە هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیسی دەستی پێ کرد کە تێیدا باس لە گرینگیی نەورۆز و پەیامی ئاشتی و نوێبونەوە و گرینگیی پێوەندیی کورد و وڵاتی بریتانیا کرا.

دواتر جۆن سلینگر ئەندام پەرلەمان لە ناوچەی ڕۆگبی لەسەر کورد و گرینگیی دەوری کورد لە ناوچەکە بابەتی پێشکەش کرد .

دواتر کاک فەلاح مستەفا سپاسی بەشداربووانی کرد و نەورۆزی لێ پیرۆز کردن و باسی گرینگی بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کرد.

تیمی بەشداربووی حیزب لە ماوەی ڕێوڕەسمەکەدا کە ٣ کاتژمێری خایاند، بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستانیان بینی و دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و باس لەسەر گرینگی ئێستای ناوچەکە و گۆڕانگارییە چاوەڕوانکراوەکان.

بەشێکی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بە گورانی و هەڵپەرکێ، کە لەلایەن هونەرمەندانی بانگهێشتکراو لە ڕێوڕەسمەکە ڕازایەوە.