
ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤(٢٨ی مارسی ٢٠٢٥) هەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە هەژار دەشتی و دانا ئەلیاسی، سەردانی پارلەمانی وڵاتی دانمارکیان کرد و لەگەڵ کارستن هونگە، نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی سۆسیالیستی گەل کۆ بوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە خرۆشانە جەماوەرییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێرکراوە کرا و ڕۆڵی خاکیپۆشان بەرز نرخێندرا.
هەرلەو چوارچێوەیەدا باس لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژێم دەرهەق بە چالاکوانان کرا و تیشک خرایە سەر هەوڵەکانی ڕێژێم بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسبەسەرکردنی چالاکوانان.
هەروەها ڕۆڵی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێی بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان گەلی کورد و ئازەری لە شاری ورمێ، باسی لێ وەکرا.
باس لە هەوڵە نگریسەکانی کۆماری پەت و سێدارە بۆ ئاژاوەنانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و لە ناویاندا وڵاتی دانمارک بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو سەرەڕۆییانە کرا.
لە کۆبوونەوەکدا باسێک لەسەر چالاکییەکی هاوبەش لە پارلەمانی دانمارک کرا کە لەلایەن هەیئەتی حیزبەوە وەک پرۆژەیەکی کاریی هاوبەش هێنرایە بەرباس.
پرۆژەکە لەلایەن بەڕێز کارستن و هەیئەتی یاوەریەوە بە باشی وەرگیراوە و بڕیارە کار بۆ ئامادەکاری ئەو چالاکییە بکرێ.
هەر یەک لە بەڕێزان سەردال بەنلی و حەلیمە ئۆغوز، کە ئەندامی ئەو پارتەن و بە ڕەچەڵەک کوردن، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.