
کۆماری ئیسلامی لە بەردەم پێملبوون یا ئامانجبووندا
هەردی سەلیمی
ماوەیەکی کورت بەدوای هاتنەوە سەرکاری "دۆناڵد ترامپ" لە ئەمریکا، وەک چاوەڕوان دەکرا بەشێک لە سیاسەت و بەرنامە و سەرنجەکانی دەوڵەتی ئەمریکا چڕ کراونەتەوە سەر ئێران و کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتداری ئێران. دۆخ و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران لە چاو خولی پێشووی سەرۆککۆماریی ترامپ گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. لەم ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی شایەدی گەورەترین ناڕەزایەتیی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتەکەی بووە، لە ڕووی ئابوورییەوە بەتەواوی تێک تەپاوە و تووشی قەیرانێکی ئەوسەرنادیار بووە، خەڵکی ئێران ڕۆژانە و بەردەوام ناڕازین. پێشتر گەر کەسێکی وەک "جەوادی زەریف" دەیگوت: "خەڵکی ئێران خۆیان هەڵیانبژاردووە ژیانیان بەم جۆرە بێت." کە زۆر ناڕاستە ئەم قسەیە، بەڵام گەر ئەو قسەیەش بە شێوەیەکی زۆر کاتی بە بنەما وەربگرین، هەر ئەوە خەڵکە ئێستا نایانەوێ وا بژین و ئەمەشیان نەتەنیا نیشان داوە بەڵکوو سەلماندووشیانە.
بەرنامەی ناوکیی ئێران کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەوییەوە هەوڵی بۆ دراوە، هەتا ئێستا بچووکترین قازانجی بە خەڵک نەگەیاندووە کە هیچ، هەر باری سەرێشە و گرانی و قاتوقڕی و زیانیش بووە. سیاسەتی هەناردەی ئایدۆلۆژیی دژەئەویدی و بشێونانەی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ سوودێکی نەبووە، بەڵکوو هێزی مرۆییی ئەو وڵاتە و سامانی ئەو وڵاتە و ئێعتباری ئەو وڵاتەی بەفیڕۆ داوە و هەمووی هەر زەرەر بووە. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ئەم بەشە زیانی بە خودی کۆماری ئیسلامییش گەیاندووە، شکستی پرۆکسییەکانی لە ناوچەدا باڵی درێژی تێرۆر و نائەمنکردن و گێرەشێوێنیی کۆماری ئیسلامی قرتاوە، یان هەر نەبێ لە گەچ گیراوە؛ ئەم کارتی گوشارەشی چووە. هەر لەم بارەوە فەرماندەیەکی سپای پاسداران لە دەنگووڕەنگی کۆماری ئیسلامی دەرکەوت و دانی بەوەدا نا کە چیی تر لە ڕێگەی حیزبوڵڵاوە ناتوانن هەڕەشە لە ئیسرائیل بکەن.
ئەوسا واتە ساڵی ٩٨ـی هەتاوی کە دۆلارێک بە سێزدە هەزار تمەن بوو و "شینزۆ ئابێ"ـی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ژاپۆن دەیهەویست بکەوێتە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، "عەلی خامنەیی" بە خۆبەزلزانییەوە وتی: "ترامپ لەو ئاستەدا نابینم، قسەیەکم بۆی هەبێ." بەڵام ئێستا دەستەوداوێنی دیپلۆماتکارێکی پلەخواری وڵاتی عوممان دەبن نامەیان بۆ بگەیەنەتە دەست ئەمریکایییەکان و هەروەها دۆلارێکیشیان بە یەک ملیۆن ڕیاڵ بۆ ناکڕدرێ!
داواکارییەکانی ئەمریکا جیاوازتر و زیاترە، ئێستا تەنیا کێشەی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی نییە، بەپێی ئەو خاڵانەی وا لە نامەکەدا بڵاو بوونەتەوە هەم لابردن و نەهێشتنی بەرنامەکەی ئامانجە و هەمیش دەستهەڵگرتن لە یارمەتیی پرۆکسییەکان و هەڵوەشاندنەوەیان و هەروەها سنووردارکردنی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، بۆ ئەم بڕیارە گرنگ و حەیاتییەش تەنیا دوو مانگی دیاری کردووە و دەبێ کۆماری ئیسلامی لەم ماوە زەمەنییەدا خۆی ساغ بکاتەوە کە ئایا پاشەکشێ دەکات و پێمل دەبێت، یان هێرشی نیزامی بە گیان دەکڕێت؟ لەمەدا موختارە کامیان هەڵبژێرێت!
کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا پاشەکشێی پێوە دیارە و دەیهەوێ ناڕاستەوخۆ بە نێونجیگەریی لایەنێک بکەوێتە وتووێژەوە لەگەڵ ئەمریکا، ئەم کارەش ڕەنگە بۆ ئەوە بکات کە بیهەوێ خاڵەکانی جێی وتووێژ و مشتومڕ کەم و بەرتەسک بکاتەوە، بەڵام ئەمە لایەکی بابەتەکەیە و لایەکی تری کە ئەزقەزا گرنگتریشە بەندە بە بڕیاری ئەمریکاوە، نەک ویستی کۆماری ئیسلامی، دەبێ بزانین ئایا ئەمریکا بە وتووێژی ناڕاستەوخۆ ڕازی دەبێ یان نا، گەر ڕازییش بێت میکانیزمەکانی چۆن دەبن؟ هەرچەند دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرۆکی مەجلیسەوە هەتا وەزیری دەرەوە باسیان لەوە کرد کە ناچنە ژێر باری هەڕەشە و گوڕەشەوە و تەنانەت بە هەڕەشەی پێچەوانە وەڵامیان دایەوە. کە دەرخەری جۆرێک کایەی سیاسی و هەروەها ناهاواهەنگییانە لەم پرسەدا، بەڵام نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کۆماری ئیسلامی بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ وتووێژکردن دەگەڕێ، دوێنێ ئێوارەش ترامپ دیسان سیاسەتی تێکەڵ بە ئامۆژگاری و زەبروزەنگی هاوکاتی خۆی دووبارە کردەوە و وتی گەر کۆماری ئیسلامی نەسازێ زۆر زۆر گران لەسەری دەکەوێ.
وەک لە سەرەتادا وترا دۆخی سیاسی، ناوچەیی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی دۆخێکی زۆر ناجێگیر و قەیراناوییە ناڕەزایەتییەکان بەدژی ئەم ڕێژیمە لە نێوخۆ و دەرەوە بەردەوامە، تەنانەت لەنێو دەسەڵاتدارانیشدا دوو وێژمانی جیاواز هەیە، ئەوەی گرنگە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەمووان ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە کە کارتی فشارەکانی لێ خەرج بووە و دەبێ بیر لە بڕیارێکی چارەنووسساز بکاتەوە؛ ساڵی ١٤٠٤ ساڵێکی ئاسان نییە بۆ کۆماری ئیسلامی، دەبێ چاوەڕوانی ڕۆژانی سەخت بێت.