کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

13:54 - 9 خاکەلێوه 2725

پەیامی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

(ئەم پەیامە لە ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لەسەر سەر مەزاری شەهیدان لەلایەن خاتوو خەدیجە مەعزووری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزبەوە پێشکێش کرا)

 

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

بنەماڵەی چاو لە ڕێی زیندانیان سیاسی و زیندانیە سیاسییە خۆڕاگرەکان!

خەڵکی بوێر و تینووی ئازادی کوردستان!

ژنان و لاوانی هەمیشە لە مەیدانی بەرخۆدان!

ئەمرۆ ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە و ڕۆژێکی ناخۆشە لە دیرۆکی گەلی کورددا. ڕۆژی لە سێدارەدانی پیشەوای گەلی کورد قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە لایەن ڕێژیمی نگریسی پەهلەوییە و هەروەها ڕۆژی بەرزراگرتنی یاد و بیرەوەری هەزاران شەهیدی ئەو نیشتمانەیە کە لەپێناو شوناس و هوییەتی گەلەکەیاندا لە لایەن ڕێژیمە سەرەڕۆکانی تارانەوە شەهید و تێرۆر کراون. لەم ڕۆژەدا، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە سڵاو دەنێرین بۆ ڕەوانی پاکی پێشەوای نەمر سەر قافڵی شەهیدانی کۆمار و هاورێیانی و گشت شەهیدانی کوردستان. ئەمڕۆ بۆ وەفانواندن و ئەمەگناسی دەربڕین و ڕێزگرتن لە گەورەیی و بوێری شەهیدان بە سەردان لە گڵکۆی پیرۆز و بە گۆڵ ڕازاوەی شەهیدان و سەردان لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان یاد و ناویان بەرز ڕادەگرین، پەیمان و بەڵێنی لە گەڵ ڕوحیان نوێ دەکەینەوە و پەیمان دەبەستین تا گەیشتن بە ئاواتە وەدی‌نەهاتووەکانی گشت شەهیدە سەربەرزەکان بە تایبەت سێ شەهیدی ڕێبەر قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی لە بەرخۆدان نەوەستین.

 بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

خەڵکی وشیار و دەروەست و ناسنامەخوازی کوردستان!

دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە لایەن پێشەوای نەمر و هاورێیانییەوە شایانی یادکردنەوە و چاوپێداخشاندنەوەیە. بە لە دایکبوونی کۆماری کوردستان وەک دەسەڵاتێکی مەزنی کوردی لە ناوچەیەکی نەریتی و عەشیرەیی و فیئۆدالی و لە وڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئێران لە کات و ساتی ئەو سەردەمدا ڕووداوێکی نەتەنیا زۆر گرینگ و چارەنووسساز لە ژیانی کورددا بوو، بەڵکوو گەلێک دەسکەوت و ئاکامی باشی بۆ سەرجەم گەلی کورد و نەوەکانی داهاتوو لێ کەوتەوە. هەر چەند کۆماری کوردستان تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو بەڵام کۆمار جێگە و پێگەیەکی شوێندانەری لە بزاڤی گەلی کورددا بە جێهێشت و چەسپاند، لە پاراستنی ئەمنییەتی خاکی کوردستان و پێکهێنانی سپای کوردستانەوە بگرە تا ناردنی لاوانی کورد بۆ خوێندن بۆ دەرەوەی وڵات و بەشدراریدانی ژنان لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گرینگیدان بە چاپەمەنی و دەرچوونی چەند گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادەربڕینی ئازاد لە نووسین و لە گوفتار و پاڵپشتی کردن لە شاعیران و نووسەران و کردنەوەی فەزایەکی دێمۆکراتیک لە کوردستان و زۆر شتی دیکەی لەو بابەتە هاتە ئاراوە. ئەو دەسکەوت و دەرەنجامانە نەتەنیا لە بیر نەکران بەڵکوو لە زەین و ڕوحی گەلی کورددا چەسپین و بوون بە تێشووی بە هێزی درێژەدان بە خەبات و بەرخۆدانی نەوەی داهاتوو لە کوردستان، کە هەر ئێستا بەرهەمەکەی، ئەو خەباتە بەردەوامەیە و بە ڕوونی دەیبینین خەڵک بە گشتی و کچان و کوڕانی ناسنامەخۆازی کوردستان لە هەر دەرفەت و بۆنەیەک کەڵک وەردەگرن بۆ ناساندن و بەرزڕاگرتنی زمان و فەرهەنگ و کەلتووری خۆیان و بەرزکردنەوەی زیاتری پرسی کورد لە ئاستی ئێران و لە ئاستی نێونەتەوەییدا.

خەڵکی بوێر و هەمیشە لە مەیدانی کوردستان!

لاوان و ژنانی پێشەنگی کوردستان!

 لە کاتێکدا یادی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە، ئێران بە گشتی و کۆردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بە دۆخێکی هەستیار دا تێدەپەرێ. ڕێژیمی ئیسلامی ئێران چ لە ڕادەی دەرەوە و چ لە ڕادەی نێوخۆییدا لەگەڵ کۆمەلێک قەیرانی ئابووری و سیاسیی قووڵ و کێشەکۆمەڵایەتییەکان و نارەزاییەتی خەڵک بەرەورویە. لە ڕادەی نێوخۆییدا تا دێ نارەزاییەتیی و بێزاری لە ڕادەبەدەری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا ڕوو لە هەڵکشانە و بارودۆخی ئابووری و ژیانی ئینسانیی مرۆڤەکان لەو پەری خراپی و شپرزەیی دایە و سفرەی ڕۆژانەیان بەتاڵە. بەو هۆیانەوە فەزای ئێران و بە تایبەت کوردستان بە تەواوی شڵەقاوە و کەشوهەوای ئەمنییەتیی و پۆلیسیی چڕ سەرانسەری ئێران و کوردستانی تەنیوە. وەک نموونە گرتن و دەستبەسەرکردن هەزاران چالاکی سیاسی و ئێعدامی٩٠٠ زیندانی لە ساڵی ١٤٠٣ و بە گشتی و ئێعدامی ژنان بە تایبەتی و دانی حوکمی قورس بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زیاد بوون دایە و دەرەتانی نەفەس‌کێشانیان لە خەلک زەوت کردوە. هەر بۆیە خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە تایبەت لە ناوچەکانی کوردستان لە هەر دەرفەت و بۆنەیەک بە شکڵی و شێوەی جۆراوجۆر بۆ دەربڕینی نارەزایەتی دژی دەسەلاتداران و هەڵسوکەوتە نائینسانییەکانی هیزەکانی ڕێژیم کەڵک وەردەگرن.

   لە بزووتنەوەی ژینا و دوای بزووتنەوەی ژینا شێوە و ڕوخساری بەربەرەکانی و بەرخۆدان و خەباتی خەڵک دژی دەسەڵاتداران لە ئێران بە تایبەت لە کوردستان گۆڕا و لە شێوەی فۆرمی پێشوو هاتە دەر و کاناڵ و ڕێرەوێکی دیکەی لە بەربەرەکانی و بەرەنگاریی گرتۆتەبەر. خەڵکی کوردستان بە گشت چین و توێژییەوە بێ ترس بۆنە ئایینی و کولتووریی و نەتەوەییەکان دەقۆزێتەوە و لە یەک ڕێزی یەکگرتوودا بە گەرمی و بە ئاهەنگ و سروود و گۆرانی و هەڵپەکێ و گۆڤەند و ئاگرکردنەوە بە گژ دەسەڵاتداراندا دەچێتەوە. زیاتر لە مانگێکە لە سەرانسەری کۆدستاندا کۆڕان و کچانی خاکیپۆش و جامانە دەمل و ژنانی هەوریپۆشی وڵات بە گەرموگوڕ ڕاگرتنی شار و گوندەکان بە شایی و گۆڤەند و بە سروود و سەمای جامانە و دروشمدانی ناسنامەخوازانە بەرەو پێلی نەورۆز و نۆێ بوونەوەی ساڵی٢٧٢٥ی کوردی چوون. ئەو خەبات و بەرخۆدانە زێرینەی لە ژێر ناوی خاکێپۆش و جامانەدەملان لە سەرانسەری کوردستان ئامانجی جوان و درەوشاوەی شوناسیخوازانەی خەڵکی لە ڕیزی یەکگرتوودا نیشان دا و هێندەی دیکە زەندەقی دەسەڵاتدارانی برد و پێیان سەلما کە لە بەرانبەر هێزی هەراوی یەکگرتووی کۆمەڵانی خەڵکی خرۆشاوی کوردستان زەبوون و داماون.

 بە سەرنجدان بەو بارودۆخە هەستیار و لەبارەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاتۆتە ئاراوە، پێماندەڵێ ئێمەی کورد بە تایبەت هێزەسیاسیی و کەسایەتییە سیاسییە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ئێران دەبێ زیاتر لە سەر هەست بین و لە ڕیزی یەکگرتوودا بۆ هەر هەنگاو و دەرفەتێک دێتە پێش ژێرانە بە قازانجی بزووتنەوە بیقۆزنەوە و پیلانەکانی نەیارانی کورد پووچەڵ بکەینەوە و ئیزن نەدەین دوژمنان بە پیلان و بەرنامەی جۆراوجۆر وەکوو قەزییەی ورمێ هەرای لێ سازکەن و یەکیەتیی و ڕێزی یەکگرتووی گەلان بە تایبەت گەلی کورد و تورک لە کوردستان کە ساڵانیکە بە هەستی برایەتی لە پەنا یەک دەژین لێک بترازێنێ و بە لاڕێیدا بەرێ.

خەڵکی ئازادیخواز و وەزاڵەهاتووی کوردستان!

 خەڵکی کوردستان لە ژێر سایەی سیاسەتە ڕاست و دروستەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ٤٦ ساڵە بە کردەوە لە مەیدانی خەبات دان و لە گشت شێوەکانی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی گەلی کورد کەڵکیان وەرگرتووە و لەو ڕێگایەدا بە هەزاران شەهیدیان داوە، دوای بزووتنەوەی ژینا کە فۆرمی خەبات و بەرخۆدان چووە قۆناغێکی نوێوە، ئەگەر بزووتنەوەکە لە سەر شەهید کردنی ژینا کچەکوردی سەقزی دەستیپێکرد، بەڵام سەنەدێکی قورسی لە ساڵانێک خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی کادر و پێشمەرگە و خەڵکی بێدیفاعی کورستانی لە پشت بوو. هەر بۆیە بەو پێشینە و دانی ئەو بەها عەزیمە کۆمەڵانی وشیار و ئاگای خەڵک هەموو ساڵێ بە بۆنەی جۆراوجۆر بە تایبەت ئەم ساڵ یەکدەنگ و یەکگرتووانە و بە هێزی لەبڕاننەهاتووی خۆیان هەیمەنەی کۆماری ئیسلامیان وەلەرزە خست و زیاتر لە لێواری ڕووخان نزیکیان کردەوە. خەڵک سوور و پێداگرن تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجی لەمێژینەی گەلی کورد و گشت شەهیدانی کوردستان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی و بە چۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی لە خەبات و  بەرخۆدان نەوەستین.

هاوڕێیانی خۆشەویست!

   لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا عەهد و پەیمان لەگەڵ سەرقافلەی شەهیدان پێشەوا قازی نەمر و گشت ئەو شەهیدانەی لەپێناو ئازادی و ڕزگاری کوردستان خوێنیان ڕژایە سەر خاکی نیشتمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان نوی دەکەینەوە لە مەیدانی بەرخۆداندا دەمێنین و بەردەوام دەبین.

   لەم ڕۆژەدا ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەست لە سەر سینگ و سەر لە پێناو ڕێز و حورمەت دەنێرین بۆ ڕووحی ئاسوودەی گشت شەهیدان، لە بەرانبەر ڕەوانی بێگەردیان و لە بەرانبەر سەری بەرزیان سەری ڕێز دادەنوێنین و بەڵێنیان پێ دەدەین تا ئاڵای کوردستان لە سەر دوندەبەرزەکانی کوردستان نەشەکێنینەوە و بووکی ئازادی لە باوەش نەگرین لە خەبات و بەرخۆدان نەوەستین.

سڵاو لە ڕوحی پاکی سەرقافلەی شەهیدان پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی!

سڵاو لە شەهیدانی کوردستان!

سڵاو لە خەڵکی ئازادیخواز و خەڵکی بوێری کوردستان!

سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی

ناوەندی  کۆمەڵایەتی