
کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی، پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، وێڕای ئەبولقاسمی سەدری قازی و محەممەدحوسێن خانی سەیفی قازی، لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتیی ئێرانەوە لە سێدارە دران.
لەسێدارەدانی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی، لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کوردستاندا، بووە بە هێمای خۆڕاگری و ڕەمزی مانەوە و بەردەوامیی ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدانی کوردستان.
لەم ڕۆژەدا، کوردستانییان سەردانی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەن و پەیمانی وەفا لەگەڵ ئامانجەکانیان نوێ دەکەنەوە. بێگومان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی کوردستاندا، شەهیدان ڕەمزی گیانبازی و زیندووڕاگرتنی خەبات و تێکۆشانی نەوەکانی دوای خۆیانن.
لەم بۆنەیەدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بەڵێن دەدەین تا وەدیهاتنی ئاواتەکانیان، درێژەدەری ڕێبازەکەیان بین.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٩ی مارسی ٢٠٢٥ی زاینیی